کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:07 - 15 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: مستەفا عەبدی ناسراو بە مستۆ کوڕی حاجی محەممەدئەمینی عەبدی و برای شەهید عەبدوڵڵا عەبدی ناسراو بە عەوڵا دۆڵەیی، دانیشتووی شاری ورمێ لە تەمەتی ٦٣ ساڵی‏دا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی،مستەفا عەبدی ناسراوبە مستۆ، کوڕی حاجی محەممەد ئەمینی عەبدی بە هۆی کەوتنە خوار لە سەربانی ماڵەکەی لە کاتی بەفر ماڵین‏دا، گیانی لەدەست دەدا.

کاک مستەفا هەر لە سەرەتای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێوەندی بە ڕێکخراوی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی دۆڵ دەگرێت و وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆمیتەی ناوچەی دۆڵ و دەشتەبێل لە شانەی حیزبی‌دا سازمان دەدرێت و زۆر چالاکانە دەست بە کار و تێکۆشانی حیزبی دەکات.

ناوبراو کەسێکی خۆشناو و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەی دۆڵ و دەشتەبێل بوو، لە سەردەمی خەباتی چەکداری یارمەتی دەری بەوەجی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو و لە هەموو بارەوە یارمەتییەکانی بە حیزب دەگەیاند، هەر بۆیە زۆر جار لە لایەن ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی ئازار و ئەزیەت دەکرا و بە داخەوە دوای ئاشکرا بوونی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، بۆ ماوەی ٧ مانگ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژێم لە شاری ورمێ دەگیرێ و دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بە مەرجێ ئەوەی ماڵی لە ناوچەی دۆڵێ نەمێنێ ئازاد دەکرێ و مەجبوور دەبێ بۆ بژیوی بنەماڵەکەی لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دەست بە شوانی بکات، بەڵام بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر کە لە زیندان بەرانبەری کرابوو، تووشی هەندێک نەخۆشینی دەروونی ببوو، کە زۆر جار دەبوورایەوە و کۆنتڕۆڵی ئەعسابی بە تەواوی لە دەست دەدا. هەر بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە، ماوەیەکی زۆر بوو دەیناڵاند کە مەخابن ڕۆژی شەممە لە کاتی بەفر ماڵین لە سەربانی ماڵەکەی، دەبوورێتەوە و بۆ هەمێشە ماڵئاوایی کە بنەماڵە و کەس و کاری کرد.

کاک مستەفا تا دوا هەناسەی ژیانی وەک ئەندامێکی حیزبی، وەفادار بوو بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

تەرمی کاک مستەفا عەبدی لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی دۆڵێ لە گۆڕستانی گوندی نازناز ئەسپەردەی خاک کرا.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە كەسوكاری کاک مستەفا و سەرجەم بنەماڵەی شەهید مستەفا دەكات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریك و هاوبەش دەزانێت.