کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووایین پەلەقاژە نێوخۆییەکان بۆ بەربەستی دەوڵەتی کوردستان گەیشتە بێڕێزی کردن بە ئاڵای پیرۆز

22:11 - 16 بەفرانبار 2715

شەماڵ بۆکانی

با بە زمانێکی سادە ئامانجێکی گرینگ بپێکین و بڵێین کاتێک باس لە بەدەوڵەت بوون دەکرێت، دوو بۆچوون و دوو خاڵی سەرەکی دێتە ئاراوە، یەکەم هۆکاری دامەزراندن و دووهەم ئامرازی بەڕیوە بردن .

هۆکاری دامەزراندن پاساو هەڵناگرێ و نەتەوەیەک وەکوو کورد کە خاوەنی جوغرافیا و کولتوور و زمانی سەربەخۆ و جیاوازە، مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت، دێمۆگرافیی ناوچەکەش هەڵگری باوەڕێکی حاشا هەڵنەگرە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی (نەتەوە-دەوڵەت)، نەک دەوڵەت نەتەوەی زۆرە ملیی وەک ئێران و تورکیە و سووریە و عێراقی هەڵوەشاوە.

دیارە لە باوەڕی نەتەوە-دەوڵەت دا، مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش لەبەرچاو دەگیرێ و کوردیش کە گەورەترین تاوانی دژەمرۆڤایەتیی چێشتووە، ئەم گرینگییە پشتگوێ ناخات و بەکردەوەش تا ئێستا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی سەلماندووە.

ئەوەی ئامانجی ئەم نووسراوەیە، لە خاڵی دووهەمدا خۆی زەق دەکاتەوە و دەبێتە وەڵامێک بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بۆ چەواشەکاری لە سەر ئەو باوەڕەن کە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نیە و چاویان لە هەموو ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەیی و جیهانییەکان دەقونجێنن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەگەر وردەکارییە سیاسییەکانیش بەهەند وەرنەگرن، خۆ کۆتایی هاتن بە سایکس بیکۆ لە کەس شاراوە نیە و تەنانەت کەسێکی ئاساییش لە زەروورەتی کۆتایی هاتنی دەگات.

ئەوان پاساویان ئەوەیە کە ژێرخانی ئابووریی لاوازە و ئەم قەیرانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ناشێ بۆ بەرەوسەربەخۆیی هەنگاو هەڵبگیرێت، بەڵام بۆ بەرچاوڕوونیی ئەوان و خەڵکی سڤیلی وڵاتەکەم دەبێ بگوترێ کە خاڵی دووهەم واتە بواری ئابووری دەچێتە قۆناغی یاسای بەڕێوە بردن و بەشێک لە فەلسەفەی ئابووری، کە بە بوونی دەوڵەت و نەبوونی دەوڵەتیش، واتە وەک فیدڕاڵیی ئەورۆییش بێت، چارەسەری ڕیشەیی دەبێت بۆ بکرێت، نەک وەک ئێستا لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبی، ئەویش بۆ باوەڕێکی تاکەکەسی، ببنە لەمپەر بۆ گەیشتن بە خەون و ئاواتی لەمێژینەی گەلەکەمان. ئەویش واتە بە لێکترازانی نێوماڵی کوردی و داوای سەیروسەمەرە و گەڕانەوە بۆ باوەڕی سەردەمانی ئەمارەتەکانی ئەردەڵان و بابان و میرنشینی سۆران کە کورد وەک عەشیرە سەیر دەکرا، بۆ ئەم بۆچوونەش گوێیەک هەڵخەن بۆ ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و حەفتا پەڕۆکەی و دۆڕان خوازان و هاوباوەڕانی کە خۆیان لێ بۆتە بلیمەت، کەچی لە هەمان‏کاتدا یاسای سەرەکیی بە دەوڵەت بوون و فاکتەرگەلی بەهێزی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەییان لەبیر چۆتەوە و بۆ ئەوەی چەواشەکاری بگاتە ئاستی تایبەت بە چاوپۆشی لە ستراتیژیکی جوغرافیایی شنگال و باکووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیەش بەرەو سنوورەکانی ئورووپا بۆ هەناردەکردنی بەهێزترین کارتی ئابووری، باسی تیجارەتی ئاوە ئازادەکانی دنیا دەکەن، کە کوردستان چۆن دەتوانێ بەبێ بەندەری دەریایی، ئابووریی بەهێزی ببێت. ئەمە لە حاڵێکدایە ئەم بەدەوڵەت بوونە بۆ ئێستاکەی باشووری کوردستان دەگڕێتەوە، بەڵام ئەوان بۆ هەڵخڕانی دوژمنکارانەی دراوسێکان و گیرفان پڕکردنی خۆیان، ئاراستەکە بۆ لایەکی دیکە دەگوازنەوە .

بە پێویستیشی دەزانم لە سەر ئابووری نێوخۆیی و دەرەکییش ئەم ڕاستییە بخەمە بەر چاو، دیارە پشت بەستنی تەنیا بە نەوت، ناتوانێ بیرۆکەیەکی سەرکەوتووانەی ئابووری بێت، هەرچەند نرخی نەوت ڕۆژێک دەچێتەوە سەر و وڵات بەرەو ئاوەدانی دەبات، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر تەنانەت ئێرانیش ئابوورییان هەر لە سەر نەوت و گازە و کوردستانیش هیچی لەوان کەمتر نیە و حەشیمەتیشی کەمترە. ئەمە جیا لە ئاوی شیرینی کوردستان و کانزاکانی ئاسن و ئەلەمینیۆم و کەرتی گەشتیاری، کە دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن.

با پرسیارێکی دیکە بێتە ئاراوە، باشە پێتان وایە لە ئێستا خراپتر دەبین کە بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی ڕاگرتووە و بەهێزترین گرووپی تیرۆریستی بە درێژایی هەزار و چەند کیلۆمیتر شەڕمان لەگەڵ دەکات و جیا لە خەرجی ڕۆژانەی ئەم شەڕە، بە چیها ئاوارە پەنایان هێناوەتە کوردستان و ئاستەنگیان بۆ ئاساییشی نیشتیمانی دروست کردووە؟

تا ئێرە با ڕووم تەنیا لە خەڵکی سڤیل بووبێت، بەڵام لێرەوە ڕوو دەکەمە ئەو کەس و لایەنانەی کە لە حکوومەت و ئیدارەی ئەم وڵاتەدا بەشدارن، لە سیاسەتی جوغرافیایی‏دا کە پێکهێنەری سەرەکیی دەوڵەتە، نەوت و گاز و کانزاکان چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟

مەگەر هەموو عەقڵی سیاسی لە سەر ئەوە کۆک نین کە باوەڕی کۆلۆنیالیستی بە شێوەیەکی نوێ و دوور لە جوغڕافیای دەسەڵاتی کۆلۆنی، یاسای خۆی دەبات بەڕێوە ؟

ئەو کاتانەی سەرۆک بارزانی پاش گەڕانەوەی لە وڵاتانی ئورووپایی ئەمریکایی، داوای دروستبوونی ژووری عەمەلیاتی کرد بۆ تاوتوێی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ڕای وابوو بەتەنیا ئەمە بەس نیە و ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ کاریگەریی تایبەتی هەیە، کاتێکیش دیسان سەرۆک بارزانی سەردانی وڵاتانی کەنداو و بە تایبەت سعوودیەی کرد، بەبێ لە بەرچاو گرتنی خاڵی ئەرێنیی سعوودیە لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا، ئەمەتان تەنیا بە سەردانێکی حیزبی وەسف کرد و چاوتان لەوەش پۆشی کە زۆرینەی دانیشتوانی باشووری کوردستان بە ئایین، ئیسلامی سوننەن و پشتیوانیی ئەم وڵاتە دەتوانێ چ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە داهاتووی کوردستاندا هەبێت و بە چاوی خۆشتان بینیتان چ پێشوازییەک لە سەرۆک کرا.

ئاخۆ ئێوەی فەیلەسووف ئەوەندە لە سیاسەت نازانن کە سەرەڕای هەموو ڕاستییەکان، هەندێک پلانی سیاسی تا کاتی خۆی لە قاو نادرێت و دەچێتە خانەی پرۆژەی درێژخایەنی ئامانجدار.

ئێوەیەک کە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەتان لەبەرچاو نیە و سیاسەتی سەرۆکایەتیتان بۆ بەرزکردنەوەی ناوی پێشمەرگە و پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز وکۆمەڵگا جیهانییەکان بەلاوە گرینگ نیە، خێرە باوەڕتان بە سیاسەتی حیزبێکی حەفتا پەڕۆیە کە لە ماوەی چەند ساڵدا چەندین ئایدیای بنەڕەتیی خۆی ڕەتکردەوە و هەر ڕۆژە خەون بە شێوە دەسەڵاتێکەوە دەبینێت، کەچی کە پارەی دی وەک حیزبێکی مافیایی دەبێتە گۆپاڵ‏بەدەستی وڵاتانی دژە کورد و حاشا لە بوونی دیمۆگرافی کوردی دەکات، کە بەهێزترین خاڵی بەدەوڵەت بوونە.

بەوەش نەوەستان و بێڕێزیتان بە ئاڵایەک کرد کە بەڵگەی مێژوویی یادگاری کۆماری کوردستان و نەمر پێشەوایە و لە شارێک هەڵدرا کە شوێنی لەدایک‏بوونی سەرۆک بارزانییە، دیارە ئەمە تەنیا باڵەکانی پەکەکە نەیانکرد، ئەوانەشی لەپشت بوو کە لەم‏ڕۆژانەدا بۆ ئەوەی نەکەونە بەر نەفرەتی گەلی کورد و مێژوو ڕایانگەیاند؛ هەرکەس پشتیوانیی لە سەر بەخۆیی کوردستان نەکات، لەم وڵاتەدا پێگەی لەدەست دەدات.

بۆ پەشیمانی درەنگ نیە و وەرنەوە بەرکڵاوڕۆژنەی خۆری ئاڵای پیرۆز، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە