• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

خۆپیشاندانی زۆرەملێ‌ لە پێناو چیدا

زایینی: ٠٥-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠١/١٧ - ١٨:٢٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
خۆپیشاندانی زۆرەملێ‌ لە پێناو چیدا
باران

كۆماری ئیسلامی شانۆ لەدوای شانۆ بەڕێوە دەبا و ناوی جۆراوجۆری لێ دەنێ‌ وەك حەماسەی جەماوەری، شووری ئینقلابی خەڵك، «حوزووری هەمیشە لە سەحنەی خەڵك» و هتد. نمایشی بوونی ئەو جۆرە شانۆگەلە بۆ دنیای دەرەوە و هێندێ‌ لە رۆژنامەنووسان و راپۆرتنێرانی بیانی ئەوەندەی بۆ خەڵكی ئێران كە خۆیان راستەوخۆی دەرگیری بابەتەكەن روون و زەقە، روون و بەرچاو نەبووە و ئەمەیش هێندێ‌ جار بووەتە هۆی ئەوەی راپۆرتی هەڵە لە قورسایی و كێشی لایەنە سیاسییەكانی نێوخۆی ئێران رەنگ بدەنەوە. بۆ نموونە، لە رەوتی خۆپیشاندانی 9ی بەفرانباری 88دا كە بە رواڵەت لایەنگرانی خامنەیی دژ بە بزووتنەوەی سەوز بەڕێوەیان برد و بەناو هێزی خەڵكیی خۆیان بە دنیا نیشان دا، كەم نەبوون ئەو راگەیەنە بیانییانەی كە بە هۆی بێئاگاییان لە پشتی پەردەی ئەو خۆپیشاندانە، هەواڵەكەیان بە شێوەیەك رووماڵ كرد كە گۆیا هەر بەو جۆرەیە كە سەرانی رێژیم بانگەشەی بۆ دەكەن. ئێستا زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ئەو رووداوە تێپەڕیوە و حەمید بەقایی، جێگری بەڕێوەبەریی مەحموود ئەحمەدی نژاد بە شێوەیەك لە شێوەكان ددانی بەوەدا ناوە كە ئەو خۆپیشاندانە لە لایەن ئەوان و دەزگا دەوڵەتییەكانی دیكەوە رێك خرابوو و لە شانۆیەك زیاتر نەبووە. بەقایی لە وتووێژێك لەگەڵ تایبەتنامەی نەورۆزیی «خوراسان»دا وتوویەتی: «هەر لەم رووداوی 9ی بەفرانبارەدا، ئێمە خۆمان گرووپی رێپێوانمان رێك خستبوو، خۆیشم لە ریزی پێشەوە بووم و هەموو كارمەندەكانیش هاتن».

خەڵكی ئێران نەتەنیا سەركوت دەكرێن و ئیزنی دەربڕینی ناڕەزایەتییان نیە، بەڵكوو بە شێوەی جۆراوجۆر ناچار دەكرێن لە بۆنە جیاجیاكانی ئەو رێژیمەدا ریزی خۆپیشاندانەكانیان پڕ بكەنەوە، خۆپیشاندانگەلێك كە بە دڵنیاییەوە زۆربەی بەشداربووانی بە نابەدڵی و لە ڕووی ناچارییەوە تێیدا بەشدارن. ئامانجی كۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە شانۆی خۆپیشاندانانە، لە ساڵە سەرەتاییەكانی دەسەڵاتداریدا زۆر جیاواز بووە لەو ئامانجەی لەم ساڵانەی دواییدا هەیەتی. ئەو رێژیمە پێشتر بەدوای مەكتەبی بارهێنانی خەڵكی سەرانسەری ئێران و قبووڵاندنی بە رواڵەت دڵخوازانە و لە راستیدا زۆرەملێی بیروباوەڕە حكوومەتییەكانی بە خەڵك لە رێگەی دووپاتكردنەوەی پەیتاپەیتایان لە رێگەگەلی جۆراوجۆرەوە بوو، بەڵام لەم قۆناخەی دواییدا تا رادەیەكی زۆر دەستی لەو سیاسەتە شۆردووەتەوە و بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە نمایشانەی زیاتر رووی لە دەرەوەی ئێرانە. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی پروپاگەندەیی رێژیم زیاتر لەوەڕا دێ‌ كە ئەو رێژیمە ئیدی تا رادەیەكی زۆر ئەوەی قبووڵ كردووە كە خەڵكی ئێران بە زۆری دژی ئەو نیزامەن و پێچەوانەنیشاندانی ڕاستییەكان بەپێچەوانەی ئەوەی هێندێ‌ تیۆریی سواوی تەبلیغاتی بانگەشەی بۆ دەكەن، نەلواوە و سەردەمی ئەوەیش بەسەر چووە كە كەمینەیەك لە رێگەی ڕێكخستنی تۆكمەوە خۆی وەك زۆرینە و دەنگی سەرانسەری نیشان بدات. وەك چۆن خەڵكی ئێران ئاگاداری شانۆبوونی ئەو جۆرە خۆپیشاندانە حكوومەتییانە و زۆرەملێبوونی بەشداریی لەواندان، خەڵكی دەرەوەی ئێرانیش هەر ئێستا پتر لە ڕابردوو ئاگاداری ئەو راستییەن و كۆماری ئیسلامی لە پێكانی ئەم ئامانجەیشیدا ناسەركەوتوو بووە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک