کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندان ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە بەئاسمانی کوردستانەوە

14:40 - 28 بەفرانبار 2715

حەمە جاف

٢ی ڕێبەندان حەفتا ساڵ بەسەر بەشکۆترین دەسکەوتی مێژووی کورددا تێدەپەڕێت. یەکێک لە ڕۆژە هەرە گرینگەکانی میژوو و بزافی کوردە لە هەر چوار بەشی کوردستاندا، چوونکە بۆ یەکەمین جار ئەستێرەیەکی پرشنگدار بە ڕووی کوردا دەدرەوشێتەوە و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا، کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانـەوە دادەمەزرێ. هەنووکەش لەهەموو بەشەکانی کوردستان باس لە دەوڵەتی کوردی دەکرێ، هەموو کوردێکی بەشەرەف و ڕاستەقینە بە شانازییەکی هەرە زۆرەوە باس لەو کۆمارە بە شکۆ و مەزنە دەکات.

پارتێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچوونی ناوچەکە بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ( ژ ـــ ک ) ژێکاف دامەزرا، و دوای سێ ساڵ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و شکستی فاشیزم، لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران، پێشەوا قازی محەممەد بە زانایی خۆی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و هەست بەوە دەکا کە کورد پێویستی بە ڕێکخراوێکی دێموکراتیکی سەردەمیانەتر هەیە، بۆیە ناوی کۆمەڵەی ژێکاف دەگۆڕێ بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ڕاستە تەمەنی درەوشاوەی کۆمارە تاقانەکەی کوردستان، تەنیا یازدە مانگ بوو، بەڵام لەو دەرفەتە کورتەدا چەندین دەسکەوتی هەرەگرینگی بۆ کورد هەبوو، بۆ نموونە؛ هەر لە دامەزراندنی قووتابخانەی کوردی، تا چاپ کردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و دامەزراندنی سوپای کوردی لە ژێر ناوی (پێشمەرگە) و بە ڕەسمی ناسینی زمانی کوردی لە هەموو دامودەزگا و ناوەندەکانی ئەو کاتەی کۆماردا و لەهەموو گرینگتر، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و چەندین دەسکەوتی پڕ بایەخی دیکە کە هەنووکەش جێگای شانازی و سەر بڵیندیی هەموو تاکێکی کوردە.

کۆماری کوردستان لە سەردەمێکدا سەری هەڵدا و دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی لە کوردستاندا جێگیر و دەستەبەر کرد کە تێکڕای حکوومەتەکانی ناوچە، عەشیرەیی و پاشایەتی بوون. ٧٠ساڵ لەوە پێش لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە کردەوە هەنگاو بۆ دامەزرانی دەوڵەتێک هەڵگیرا و لەو دەوڵەتەدا هەوڵی جێگیر کردنی پرسێک درا کە هەنووکەش هەندێک لە وڵاتانی جیهان خەباتی بۆ دەکەن، کە ئەویش بەرابەریی کۆمەڵگا و ئازادیی ڕادەربڕینە. لەکاتی کۆمارە شکۆدارەکەی کوردستاندا تەنیا یەک زیندانی هەبووە، ئەویش سیاسی نەبووە! دەتوانین بڵێین لەو سەردەمەدا بە جۆرێک ئەو حکوومەتە بونیان و ئورگانیزە کراوە کە تایبەتمەندییەکانی ئەوکاتی، بووە بە هۆی ئیلهامدەریی و ڕۆشنبیریی خەباتکارانی ئێستای کورد بۆ بزووتنەوەیەک کە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەوڵەتی کوردی دەردەبڕن.
هەروەها کۆماری کوردستان ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە بۆ بەشداری کردنی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان و کوردانی پارچەکانی دیکە و بەتایبەت بارزانییەکان وەکوو هاووڵاتیی کۆماری کوردستان لەو هەرێمەدا دەژیان و ڕۆڵیشیان هەبووە لە بەڕێوە بردنی کاروباری حکومەتدا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو حیزبی دامەزرێنەری کۆمار و لە سەرووی هەمووشیەوە پێشەوا قازی محەممەد، بە تێگەیشتنی دێموکراتیکانەی خۆی ئەو دەسەڵاتەی لە مێژووی گەلی کورددا کردە نموونە، تێکڕای چین و توێژەکانی کومەڵگا لە تەمەنی کورتی کۆماردا کەوتنە گەشە کردن و توانای بەڕێوەبەریی سیاسیی گەلی کوردیان بە دەستی خۆیان، بە جیهانیان ناساند.

بەڵام بەداخەوە کۆمارە کۆرپەکەی کوردستان و شانازییە هەرە مەزنکەی گەلی کورد، زۆری نەخایاند و پاش یازدە مانگ بە هۆی ڕێژەی نەخوێندەواریی زۆربەی خەڵکی کوردستان و دەستێوەردانی دوو لایەنی زلهێزی هاوپەیمان ئەمریکا و بریتانیا لە باشوورەوە و یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لە باکوورەوە هاتنە نێوخاکی ئێران و بەشی هەرەگەورەی وڵاتی ئێرانێان داگیرکرد و فێئۆدالەکانی ئەوکات کە زۆربەی شۆڕشگێڕان لەسەر بنچینەی عەشیرەگەریی و دەرەبەگایەتی دامەزرابوون و هەر لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیی عەشیرەگەریی بەشدارییان لەشۆڕشدا دەکرد و هەرکات بەرژەوەندییان لەگەڵ شۆڕشدا نەدەما، دەچوونە پاڵ وڵاتی داگیرکەر، لەهەموو گرینگتر چۆڵکردن و پاشگەزی وڵاتی ڕووسیە و هاوکاری نەکردنی، بوونە کێشە و سەرەکی‏ترین کۆسپ بوون لە بەرانبەر بووژانەوەی فکریەتی نەتەوایەتی و تەمەندرێژیی کۆماری کوردستان، بەڵام دەبێ ئەوەمان بیر نەچێ و نائومێد نەبین لەوەی کە بۆ جارێکی دیکە نەتوانین ببینە خاوەنی کۆمارێکی دێموکراتیک لە ناوچەکەدا!

بۆیە دەبێ هەردەم ئەوەمان لەبیر بێ و گەشبین بین بەوەی تاکوو شۆڕشگێڕان و قووتابیانی ڕێگای سەربەستیی کوردستان هەبن و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێگیر بێ، بۆ جارێکی دیکە هیوا و هومێدی نوێ دەدەن بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەبینە خاوەنی ئەو خەونە لەمێژینە کە ٧٠ساڵە خەونی پێوە دەبینین. بەرز و پیرۆزبێ ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی کۆمارە بەشکۆ و مەزنەکەی کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە