کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری قەدەغە کردنی دیوانەکانی خەیام و حافز و مەولەوی لە ئێراندا هەیە

20:59 - 29 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری نوسینگەی گەشەدان بە کتێب، سەر بە وەزارەتی ئیرشاد، لە لێدوانێکی سەرسوڕهێنەردا ڕایگەیاندووە؛ کەڵک وەرگرتن لە وشەی شەراب لە نێو کتێبەکاندا قەدەغەیە.

محەممەد سەلەگی بەڕێوەبەری نوسینگەی گەشەدان بە کتێب سەر بە وەزارەتی ئیرشاد لە وتووێژێکدا لەگەڵ مانگنامەی شیرازە کتاب وتوویەتی وشەی شەراب نابێ بە هیچ شێوەیەک لە نێو کتێبەکاندا کەڵکی لێ‏وەربگیرێت، تەنانەت ئەگەر بە مەبەستی قێزەون پیشاندانی شەرابیش بێت.

ئەم قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدا بڵاو دەبنەوە کە زۆربەی دیوانە شێعرییەکان و ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێران، بە تایبەت شێعری شاعرانێکی وەک حافز و مەولەوی و خەیام، لێوانلێوە لە وشەی شەراب، کە ئەگەر لەسەر بنەمای قسەکانی ئەم بەرپرسە حکوومەتییە بێت، لەوانەیە تا ماوەیەکی دیکە چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبانەش قەدەغە ڕابگەیەندرێت.

هەڵبەت ئەو کاتە پێویستە بیرێکی ئەساسیش بۆ کتێبی قورئان، کتێبی پیرۆزی موسوڵمانەکان بکرێت، چوونکە لە هەندێک شوێنی قورعاندا، ناوی شەراب هاتووە، بۆ وێنە لە ئایەی ٢١ی سوڕەی الانسان‏دا هاتووە:ان هذا الشراب الطهور الله جلا و علا يسقيهم به و هو نوع من الاشربة, فعندما يتحدث عن شراب الكافور يعبر عنه بجملة (يشربون ) اي ان اهل الجنة يتناولون هذا الشراب بأيديهم.

ناوبراو لەم دیمانەیەدا باسی لەوە کردووە کە شێوەی کاری ئێمە لەسەر بنەمای ڕێنوێنییەکانی شۆرای بەرزی شۆڕشی فەرهەنگی دایە کە تێیدا زۆر پێداگری لەسەر بەرەنگاربونەوەی سوکایەتی بە دینە ئاسمانییەکان کراوە.

نوسینگەی گەشەدان بە کتێب و کتێب خوێندنەوە یەکێک لە لقەکانی وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامییە کە وەک لە ئایین نامەکەیاندا هاتووە تەنیا کار لەسەر پرسی کتێب دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەرکی ئەم دامەزراوە سانسۆڕ و پێشگیری کردن لە چاپی کتێبگەلێکە کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ویلایەتی فەقیهدا نایەتەوە.