• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٠ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

"خوایە وەتەن ئاوا کە چەند دڵگیر و شیرینە" لە حەفتاساڵەی یادی کۆماردا بەرەو کۆمارێکی دیکە

زایینی: ٢٤-٠١-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٤/١١/٠٤ - ١٧:٤٥ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
مەجید حەقی

حەفتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری مێژووی کوردستان، بە سەرۆکایەتی پێشەواقازی محەممەد و ڕێبەریی حیزبی دێموکرات تێپەر دەبێت. لە دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٤٦دا، بەکەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، یەکەم کۆماری کوردی، لە سەر بنەمای حکوومەتێکی ئەمڕۆیی، دێموکرات و شکاندنی تابۆ پێوەندیدارەکان بەوەی کە کورد ناتوانێت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، دامەزرا. کۆماری کوردستان لە ماوەی یازدە مانگی تەمەنی پڕلە شانازیی خۆیدا، بەردی بناغەی ناسنامەی کوردستانی و ناسیۆنالیزمی پێشکەوتوو و هۆمانیزمی بزاڤی نەتەوایەتیی دامەزراند بۆ نەتەوەی کورد: هێمنایەتی و ئاسایش، دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتوو و سازماندراوی چەکداری بۆ بەرگری لە کۆمار لە ژێرناوی هێزی پێشمەرگە، دامەزراندنی سیستمی پەروەردە و فێرکردن، هاندانی ژنان بۆ بەشداری لە چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی‏دا، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵک و کردنەوەی دەروازەکانی بازرگانی و گەشەسەندنی ئابووری، پێکهێنانی دیالۆگ و هاوسازی لە گەڵ نەتەوەکانی دراوسێ، داهێنانی سەمبۆلە نەتەوایەتییەکانی وەک ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوایەتی، دژایەتی لەگەڵ فاشیزم و سیستمە دیکتاتۆرییەکان و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و گەشەسەندنی وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی، ئەو دەسکەوتانەن کە ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەردی بناغەی بایەخە گشتییەکانی خەباتی نەتەوایەتیمانن.

هەرچی لە مێژووی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دوورتر دەکەوینەوە، نرخ و بەهای ئەو کۆمارە لە بناغەدانانی ناسنامەی نەتەوایەتیی مۆدێڕن بۆ کورد بەرزتر دەبێتەوە و ئاواتەکانی کۆمار گشتگیرتر دەبن. سەرکەوتن و گەیشتن بە ئاواتەکان لە نەوەیەک دوورترنیە. نەسڵی ئێمە دەبێ هەوڵێکی جیددی بدات بۆ ئەوەی خەباتی ئێمە بە ئاکام بگات بۆ ئەوەی وڵاتێکی ئازاد پێشکەشی نەوەکانی داهاتوو بکەین. ئەگەر ئەمڕۆ بە یەکگرتوویی خۆمان وەسیەتی پێشەوا قازی محەممەد بەجێ نەگەیەنین، دەبێ ساڵهای ساڵ مناڵەکانمان و مناڵی مناڵەکانمان قوربانی بدەن بۆ گەیشتن بە ئازادی. ئەو کات ئێمە و ڕێبەرانی ئێمە شەرمەزاری مێژوو و نەوەکانمان دەبین. حەفتا ساڵ دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ئەو ژینگەیەی کە حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان تێدا دامەزراون، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی بە خۆیەوە بینیوە. لە ڕووی سیستمی ژینگەییەوە، ئەمڕۆ بەپێچەوانەی سەردەمی کۆمار، زیاتر لە ٧٠%ی خەڵکی کوردستان، شارنشینن. بە هۆی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن: کۆمەڵگای کوردی ئەو کۆمەڵگایە یەک ڕەنگ، یەک ڕەهەند و هاوشێوەیەی حەفتا ساڵ لەمەوبەر نیە. سەرانسەری مێژووی هاوچەرخی کورد بریتی بووە لە داپڵۆسان، سەرکوت و قەڵاچۆ و داگیرکران لە لایەن داگیرکەرانی ناوچەییەوە و ئەو سەرکوتە کرۆنۆلۆژیکە بووەتە هۆی گەشەسەندنی کولتوورێکی نەخۆش و تراوما بە کۆمەڵەکان کە لە ئەنجامدا مرۆڤی کورد بە دەست قەیرانی بڕوا و بڕوابەخۆنەبوون دەناڵێت.

قەیرانێک کە وەک گرێی شێرپەنجە بەربووەتە ڕیزی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردی و لە سەردەمێکدا کە باشترین هەل بۆ کورد ڕەخساوە، حیزبەکانی کوردستان بە دەستی خۆیان هەموو دەرفەتەکان لەدەست خۆیان دەدەن و هەر هەنگاوێکی لایەنە بەرامبەرەکان لە پێناو چاکتر کردنی ڕەوشەکە، دەکەنە قوربانیی ڕق و قینی تۆڵەئەستێنەرانە و ئێگۆییزمی سیاسیی خۆیان.

حیزبی دێموکرات، حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، کە سەردەمێک تاقانە حیزب و سەرچاوەی هێز و ورە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان بوو، بە هۆی نەسازان لە گەڵ جیاوازییەکانی نێوکۆمەڵگا و قەبووڵ نەکردنی جیاوازییە نێوخۆییەکان و بنەماکانی یەکتر قبووڵ کردن، لەکاتێکدا بەرەو یادی حەفتا ساڵەی کۆماری کوردستان دەڕوات، کە نزیک بە دە ساڵە جیابوونەوەیەکی جەرگبڕ و ماڵوێرانکەر بەسەریدا سەپاوە و سەرەڕای دروشمەکانی لایەنەکان، ئاسۆی یەکگرتنەوە و دووبارە وەسەریەک خستنەوەی ڕیزەکانی ئەو حیزبە، هەروا دوورتر و چراکانی پێکەوە ژیان، کزتر دەبیندرێن.

یەکێک لە هۆیەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان، دووبەرەکی و دوژمنایەتیی نێوخۆیی کوردان بوو، بۆیە پێشەوا قازی محەممەد لە "وەسیەتنامەی" خۆیدا بانگی گەلی کورد دەکات بۆ یەکگرتوویی و پشتیوانی لە یەکتر. ئەمڕۆ حەفتا ساڵ دوای ئەو مێژووە لە پلەی یەکەمدا، ئەرکی سەرشانی ڕێبوارانی پێشەوا و حیزبی دێموکراتە کە وەدیهێنەری وەسیەتی پێشەوا بن و بە کردەوە بسەلمێنن ڕێبواری ڕاستەقینەی ڕێبەرانی خۆیانن. لە حەفتا ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا جێی خۆیەتی دووبارە بگەڕێینەوە سەر هێلی یەکەم و بنەما ئەخڵاقییەکانی خۆمان، کە بریتی بێت لە بایەخە مرۆڤیەکان، سەرنجدانی تێگەیشتووانە لە مرۆڤایەتی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هاوکاریی و پێکەوە کارکردن، ڕاستگۆیی و کردەوەی هاوتەریب لەگەڵ دروشمەکان، لەبەرچاوگرتنی مافی هەموو ئەوانەی کە وەک خۆمان بیرناکەنەوە، لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی دێموکرات و ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤ.

مەرجی بەرەوپێشچوون و ڕێکخستنی دووبارە، کەڵک وەرگرتنێکی بەهینەیی و ئۆپتیماڵە لە سەرمایە و تواناییەکانی نێو کۆمەڵگا و وێکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی لانی کەمی بەها هاوبەشەکان. حەفتا ساڵ دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستی بە ستراتێژیی درێژخایەن و کورت خایەنی هاوبەش هەیە، بۆئەوەی بەرپرسایەتی و ئەرکی سەرەکیی بزاڤ، کە بریتی بێت لە چارەسەریی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکرێت. لەو پێناوەدا دەبێ هەموو بەشەکانی خەباتی نێوخۆیی، دەرەکی و هێزی پێشمەرگە و حیزبە سیاسییەکان، وەک تەواوکەری یەکتر و نەک ئاڵترناتیڤی یەکتر، ببیندرێن و سەرمایە سیاسی، کولتووری و مرۆڤییەکانی کورد، بەرەو یەکگرتووییەکی دێموکراتیک و فرەچەشن ڕێبەریی بکرێت. بێگومان ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی درێژخایەنی نەتەوایەتی، دەتوانێت سوودمەند بێت بۆ بەرژەوەندییە گرووپی و حیزبییەکانیش.

لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا و لە پێناو هەنگاوێکی نوێ و وەدیهێنانی خەونە گشتییەکانمان، حیزب وڕێکخراوە کوردستانییەکان پێویستە:
١. حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان و ڕێبەرانیان خۆیان گەورەتر لە چوارچێوەی سنووری حیزبی، ناوچەیی، جوغرافیایی چالاکیی خۆیان ببینن و ببنە خاوەنی بیری ڕاهبۆردی و ستراتێژیی یەکگرتووخوازانە لە پێناو بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر. کاتی ئەوە هاتووە قەوارە کۆنەکان هەڵوەشێنرێنەوە و قەوارەیەکی نوێی ڕێکخراوەیی و خەبات بە لەبەرچاوگرتنی فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتی، پێوەندییە جیهانییەکان دابڕێژرێت.

٢. ڕێبەران و بڕیاردەرانی سەرەکیی بزاڤی نەتەوایەتی کورد، با ویست و ئیرادەی خۆیان بەکار بێنن بۆ ئەوەی دروشمەکانیان بکەن بە کردەوە و لە پێناو ئازاد کردن و چالاک کردنی هێز و وزەی یەکگرتووی هەموو چین و توێژەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەبڕیار بن بۆ وێکگەیشتنی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی هاوبەش و بەشدارانە.

لەو پێناوەدا دەبێ هەنگاوەکان دەروەست (متعهد) و خاوەن ئامانجی دیاریکراو و شەفاف بن.

با کار بکەین بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی خۆمان لە پێناو وەدیهێنانی وەسیەتی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا