کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی وەزیرێ ئەشۆ لە بلژیک بەشداریی کرد

14:41 - 7 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵڤەگەری کۆچی دوایی مێژوونووس وەزیرێ ئەشۆ، لە وڵاتی بلژیک بەشداریی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەیان کەسایەتیی سیاسیی و ڕووناکبیری کورد و نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بۆنەی یەکەمین ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی مێژوونووسی کورد وەزیرێ ئەشۆ لە بلژیک بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕووناکبیر و نووسەری ناوداری کورد وەزیرێ ئەشۆ، لە سەر گۆری ناوبراو دەستی پێکرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە فەرمی لە لایەن بنەماڵەی ناوبراوەوە بۆ ئەم یادە بانگهێشت کرابوو، بە سەرپەرەستیی عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندیی حدکا و بە هاوڕێیەتیی ئەندامانی کومیتەی حیزبی دێموکرات لە بلژیک، بەشداری لەم بۆنەیەدا کرد.

عەلی ئەشرەف مورادی لەم ڕێوڕەسمە تایبەتەدا، بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە زاراوەی کرمانجی پەیامێکی پێشکەش کرد و ڕۆڵی کەسایەتیی کوردپەروەر و ڕووناکبیری زانا، مامۆستا وەزیرێ ئەشۆی بەرز نرخاند.

دوای پێشکەش کردنی پەیامی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئورووپا دلاوەر ئاژگەیی و چەندین کەسایەتیی ئەدەبی و ڕووناکبیر و نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، لە سەر گۆڕی نەمر وەزیرێ ئەشۆ، لە هۆڵێکی تایبەتدا بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەموو بەشداران، ڕێز لە کەسایەتی ڕووناکبیر و مێژوونوسی مەزنی کورد وەزیرێ ئەشۆ گیرا.

وەزیرێ ئەشۆ، خاوەنی دەیان کتێبی ئەدەبیی و مێژوویی لە سەر ئەدەبیات و مێژووی کورد بوو و ماوەیەکی زۆر لە ئەرمەنستان ژیابوو. ناوبراو ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ بوو لە بلژیک دەژیا.

ئەو کەسایەتییە گەورە و ڕووناکبیرە، ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.