کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات وتارێکی لە پارلەمانی بریتانیا پێشکەش کرد

15:02 - 7 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە پارلەمانی بریتانیا لەسەر پرسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو و لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وتارێکی پێشکەش کرد.

ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر پرسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە پارلەمانی بریتانیا بەڕێوەچوو.

ئەم کۆبوونەوەیە لە لایەن ئێما ڕێنولدس، ئەندام پارلەمانی بریتانیا، و ڕێکخراوی UNPO و ناوەندیکوردیش پرۆگرێس ڕێکخرابوو و هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیان کرد.

کۆبوونەوەکە چوار وتاربێژی سەرەکیی هەبوو، کە بریتی بوون لە: لوقمان ئەحمەدی، ناسر بولەیدەیی سەرۆکی UNPO، د.سیرڤان سەعید لێکۆڵەری زانکۆی ئێکستەر و عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

ئەم کۆبوونەوەیە لە لایەن گاری کێنت، ڕێکخەری گرووپی کوردی پارلەمانی بریتانیاوە بەڕێوە چوو.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گرێ درابوو بە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و ڕۆڵ و ستراتژیی کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبە کوردییەکانی ئەم بەشە لە کوردستان لە هێنانە ئارای ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا. لە دوای ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ٥+١، چاوەڕێی هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕ لە پێوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی بریتانیا، دەکرێ. هەروەها پرسێکی دیکە گرێ درابوو بەوەی کە ئایا حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات چە ستراتژی و هەڵوێستێکیان دەبێ بۆ خەبات و تێکۆشانیان لە هەلومەرجێکی ئاوا دا؟

لوقمان ئەحمەدی لە وتارەکەی‏دا، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵەیەکی ستراتژیی دەکەن ئەگەر پێیان وابێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەت و ستراتژییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دێنێ بە هۆی ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ٥+١. ئەحمەدی گوتی: سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بریتییە لە پێکهێنانی شەڕ، ناسەقامگیری و ئاڵۆزیی لە ڕێگای پشتیوانیی گرووپە توندڕەو و تێروریستەکان بۆ پەرەپێدانی نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا. سیاسەت و کردارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا یەکێک لە هۆکارە ئەسڵیەکانی درووستبوون و درێژەدانی هەموو ئاڵۆزیی و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە. خۆ فریودانە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو باوەڕەدا بن کە بە هۆی ڕێکەوتنەکە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، ئەم سیاسەتانە کۆتایی پێ دێ. هەر بۆیە دەبێ وڵاتانی ڕؤژئاوا ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەک یان بێ چەکی ناوکی، هەر گەورەترین هەڕەشەیە بۆ ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا و هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەم ڕاستیە ناگۆڕێ. ئەحمەدی هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە باشترین ستراتژی بۆ وڵاتانی ڕؤژئاوا ئەوەیە کە پشتیوانیی ئەو لایەنانە بکەن کە بڕوایان بە بەها و باوەڕە دێموکراتیکە پێشکەوتنخوازەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە و کورد ئاکتەرێکی کلیدییە بۆ پەرەپێدانی ئەم باوەڕانە لە ئێران و ناوچەکەدا.

ئەحمەدی لە درێژەی باسەکانی‏دا، جەختی لەسەر خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردەوە و سیاسەت و ستراتژیی حیزبی دێموکراتی لەم بوارەدا بۆ بەشداربووان خستە ڕوو. ئەحمەدی گوتی: ستراتژیی و تاکتیکی حیزبی دێموکرات خۆی چوار بواری سەرەکیی وەردەگرێ، یەکەم، حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدا کە هەماهەنگیی و هاوکاریی لە نێوان حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتەوتر بکا، دووهەم، حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزب و لایەنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان سیاسەتێکی گرتووەتە بەر کە لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوکاریی یەکتر بێت، بەڵام ئەگەر بە هۆی هەلومەرجی سیاسیی و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ڕێگری لەم چەشنە هاوکارییانە بکرێت، حیزبی دێموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر نەمانتوانی هاوکاریی یەکتر بکەین، نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگری لە خەباتی یەکتر بکەین، سێهەم، حیزبی دێموکرات هاوکاریی و هەماهەنگیی خۆی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران پتەو کردووە، بە تایبەتی لە ڕێگای پێکهێنانی ڕێکخراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵەوە و ئەم هاوکارییە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەتوانێ چارەنووسساز بێ بۆ داهاتووی ئێران. چوارەم، حیزبی دێموکرات بڕیاری داوە کە خەبات و تێکۆشانی خۆی بە دژی کۆماری ئیسلامی پتەوتر بکاتەوە و بە بڕوای ئێمە هێزی پێشمەرگە لە داهاتوودا ڕۆڵێکی ئەکتیڤی دەبێ لەم چوارچێوەدا.