کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ چەند ئەندام پارلەمانی بریتانیا کۆبوونەوە

20:16 - 8 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ چەند ئەندام پارلەمانی بریتانیا کۆبوونەوە و لەسەر کاریگەریی ڕێکەوتنی ١+٥ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و وڵاتانی دراوسێی ئێران بە تایبەتی، قسەیان کرد.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، پێکهاتبوو لە لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات و ئاکام ڕەحیمی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی گرووپی پارلەمانی بریتانیا کۆبوونەوە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دومینیک گریەڤ، ئەندام پارلەمانی بریتانیا کە پێشتر ئەندامی شوورای ئاسایشی نەتەوەیی بووە، کۆبوونەوە.

لەو دیدارەدا، تەوەری باسەکان بریتی بوون لە کاریگەریی ڕێکەوتنی ١+٥ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و وڵاتانی دراوسێی ئێران بە تایبەتی.

لەم پێوەندییەدا لوقمان ئەحمەدی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە حیزبی دێموکرات بڕوای بەو پرنسیپە هەیە کە هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی جیهان، دەبێ لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو باوەڕەدا بێ کە ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێ ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتی هەرێمی و دەرەوەی وڵاتی ئێراندا بێنێ، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا کە سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر ڕۆڵی ئێران لە پەرەپێدانی شەڕ و ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا، بە لاڕێ‏دا ببا لە ڕێگای ئەو پێوەندییانەی کە لە دوای ئەم ڕێککەوتنەوە دەستی پێ کردوون.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ ئێران یەکێک لە سەرەکی‏ترین هۆکارەکانی پەرەپێدانی هەموو شەڕ و ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا و پێویستە وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتنخواز، بیر لە ئاڵترناتیڤێکی دیکە بکەنەوە، تا ئەوەی کە هیوایان بەوە بێت کە ئیران ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێ، لە هەمووش گرینگتر ئەوەیە کە، پشتیوانیی لایەنە دێموکراتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بکەن، بە تایبەتی بزووتنەوەی کورد.

گریەڤ لە قسەکانیدا ئیشارەی بەوە کرد کە؛ بریتانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، هیچ گومانێکیان لەوەدا نیە کە نابێ بڕوا بە کۆماری ئیسلامی بکردرێ و دەبێ کردار و سیاسەتەکانی ئێران وەکوو خۆی بخوێندرێتەوە و بەپێی بەرژەوەندیی گشتی لەگەڵیان بەرخورد بکرێ.

هەروەها هەیئەتەکەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەڕێز گاری کێنت، ڕێکخەری گرووپی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی بریتانیا کۆبووەوە و باسێکی وردیان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان و ڕۆڵ و سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد کرد.

هەروەها، هەیئەتی حیزب لەگەڵ نیکۆلە پیشێ، ڕێکخەری گرووپی مافی مرۆڤی پارلەمانی بریتانیا، کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەدا، پرسی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کرا و هەیئەتی حیزب داوایان کرد کە سەرنجی زیاتر بە پێشێلکاریی مافی گەلی کورد لە ئێران بدرێ و ئەم پرسە لە پەراوێز نەخرێ بە هۆی پێوەندییەکانی بریتانیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. پیشێ، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی کومیتەی مافی مرۆڤی پارلەمانی بریتانیا، هەوڵ دەدەن کە هەم بریتانیا و هەم یەکیەتیی ئورووپا، لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران، پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، هەمیشە لە ڕۆژەڤ‏دا ببینن و فشار بۆ سەر ئێران بهێنن لەم پێوەندیەدا.

لە کۆتاییدا، هەیئەتی حیزب لەگەڵ ئان کلڤید، ئەندام پارلمان و ئەندامی کومیتەی مافی مرۆڤی پارلەمان کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و چۆنیەتیی گرینگیدانی زیاتر بەم پرسە لە پارلەمانی بریتانیا کرد. لەم پێوەندیەدا، ئاکام ڕەحیمی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەلی کورد لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە هەموو بوارێکەوە مافە مرۆییەکانی پێشێل دەکرێ و تەنها جیاوازییەک کە لە نێوان مێتود و توندوتیژییەکانی داعش و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە ئەوەیە کە، داعش ئەم کردارە نامرۆڤیانەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئێران کردارە هاوشێوە نامرۆڤانەکانی خۆی دەشارێتەوە.

کلڤید باسی ئەوەی کرد کە ئاشنایە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران‏دا و هەوڵ دەدەن لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی بریتانیا، سەرنجی زیاتر بەم دۆخە بدەن.

13532.jpg