کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی بریتانیا درێژەی هەیە

21:19 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی کۆبوونەوەکانی هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە پارلەمانی بریتانیادا، لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژیمی ئێران جێگەی باوەڕ نیە و نابێ پشتی پێ‌ببەسترێ، چوونکە بۆخۆی یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی توندوتیژیی و ناسەقامگیری لە وڵاتانی دراوسێ‏دا، بە تایبەتی لەعێراق و سووریە.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، پێکهاتبوو لە لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات و ئاکام ڕەحیمی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی لەگەڵ ئەندام پارلەمانێک و لۆردێکی پارلەمانی بریتانیا کۆبوونەوە.

ئەندرو رۆسیندێل ئەندام پارلەمانی بریتانیا، کە پێشتر وەزیری نێوخۆی بریتانیا بووە، لە گەڵ هەیئەتی حیزبی دێموکرات کۆبوویەوە. لەم کۆبوونەوەدا، تەوەری باسەکان بریتی بوون لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە سەر ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لێکدانەوەی ئاکامەکانی ڕێککەوتی ناوکیی ئێران لەسەر ناوچەکە و لە سەر خەباتی نەتەوەی کورد.

لەم پێوەندییەدا لوقمان ئەحمەدی ڕوونی کردەوە کە حیزبی دێموکرات چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی دیپلۆماسی بە باش دەزانێ، بەڵام ڕێککەوتنی ناوکیی ئەم دواییە، مانای ئەوە نییە کە ئێران ئاڵوگۆڕ بەسەر سیاسەتی هەرێمی و دەرەوەی خۆیدا دەهێنێ، بەڵکوو ستراتژیی درێژخایەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بریتییە لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەوڵ دەدا کە بەم شێوەیە نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد بکات.

ئەحمەدی هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بیهەوێ سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بێتە ئاراوە، دەبێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پشتیوانیی ئەو لایەنانە بکات کە دێموکراتیکن و پێشکەوتنخوازن، بە تایبەتی گەلی کورد کە نیشانی داوە کە هەم بڕوای بە بەها دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەیە و هەمیش ئامادەیە فیداکاریی یەکجار زۆر بکات بۆ ئەوەی لە کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەدا، ئەم بەهاگەلە پەرە بستێنن.

ئەحمەدی هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ ئێران یەکێک لە پەرەپێدەرانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکەدا و ناکرێ وڵاتانی دێموکراتیک و پێشکەوتنخواز هیوایان بەوە هەبێت کە ئیران ببێ بە ئاکتەرێک کە دەتوانێ سەقامگیریی بهێنێتە ئاراوە، بەڵکوو وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێ بیر لە ئاڵترناتیڤێکی دیکە بکەنەوە، ئەویش پشتیوانیی کردنە لە لایەنە دێموکراتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی بزووتنەوەی کورد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئاکام ڕەحیمی ئاماژەی بەوە کرد کە خەبات و تێکۆشانی لایەن و ڕێکخراوی وەک حیزبی دێموکرات، بایەخ و گرنگیی زۆری هەیە لە بەدیهێنانی دێموکراسیی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‏دا. ئەم ڕێکخراوە دێموکراتخوازانەن کە دەتوانن لە ئێستادا و لە داهاتوودا، بەرگریکەر و پەرەپێدەری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ و دێموکراسی و سەقامگیری بن لە ناوچەکەدا.

ئەحمەدی، ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەسەندی گرووپی تیرۆریستیی وەک داعش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گرێدراوە بە سیاستی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

هەر لەو دانیشتنەدا، ڕۆسیندیل لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کورد دەبێ مافی ئەوەی پێبدرێ کە مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و ناوبراو هاوڕا بوو لەگەڵ بۆچوونەکانی هەیئەتی حیزب لەپێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە، وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستە لە گەڵ هەنگاوی دیپلۆماسی‏دا، پیشتیوانیی لە ڕێکخراوە دێموکراتی‏خوازەکانیش بکەن.

‌‌هەیئەتی حیزب لە هەمان ڕۆژدا لەگەڵ لۆرد ڕیچارد بالفی ئەندامی کومیتەی کاروباری دەرەوەی ئورووپا لە پارلەمانی بریتانیا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام‏دا. تەوەری باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوون لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە پەرەپێدان بە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا. ‌هەروەها تاوتۆێ‏کردنی ڕێککەوتنی ٥+١ لە گەڵ ئێران.

لەم کۆبوونەوەیەدا، ئەحمەدی ئاماژەی بەوە دا کە ڕێژیمی ئێران جێگەی باوەڕ نیە و نابێ پشتی پێ‌ببەسترێ بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەم بکرێنەوە، چوونکە کۆماری ئیسلامی، بۆخۆی یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی توندوتیژیی و ناسەقامگیری لە وڵاتانی دراوسێ‏دا، بە تایبەتی لە عێراق و سووریە.

لۆرد بالفی چەند پرسیارێکی لە سەر بارودۆخی کوردستان ئاراستەی هەیئەتی حیزب کرد و لە درێژەی باسەکاندا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕوای تەواویان بە کۆماری ئیسلامی نیە‏، بەڵام پێی‌وابوو دەبێ بەردەوام بن لە هەڵگرتنی هەنگاوی دیپلۆماسییانە لە گەڵ ئێراندا.