کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی سایبریی ڕێژیم هەوڵی هک کردنی کاناڵی تێلگرامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەدات

22:46 - 10 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ئەرتەشی سایبریی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هێرشە سایبرییەکانی‏دا، لە هەوڵی هەک کردنی کاناڵی تێلگرامی‌ کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و زانیاریی حیزبی دێموکرات دەدا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاناڵی کۆمیسیۆنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێلگرام‌دا، کەوتووەتە بەر ئامانجی هێرشی سایبریی ئەرتەشی سایبریی ڕێژیمی ئێران.

ئەرتەشی سایبریی ڕێژیم، لە هەوڵدایە ئەو کاناڵە بسڕێتەوە.
ماوەیەک پێش ئێستا، کاناڵی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و زانیاریی حیزبی دێموکرات بە هۆکاری ناڕوون لە تێلگرام‌دا، سڕدرایەوە.

هێرشی سایبری بۆ سەر کاناڵی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و زانیاریی حیزبی دێموکرات، دوای بڵاوکردنەوەی بەیانییە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی ڕێژیم چڕتڕ بووەتەوە.

کۆتاییەکانی وەرزی پاییزی ئەمساڵ، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و زانیاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەرزێکی نوێی لە چالاکییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست پێ کرد و لەو بوارەدا، لە ڕێگای تێلگرامەوە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی خۆی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو دەکاتەوە.

ئەرتەشی سایبریی ئێران، بەشێک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەژمار دەکرێت کە سەرقاڵی چالاکیی تیرۆریستی لە فەزای سایبریی جیهاندایە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، بۆ چاوەدێریی لە ڕێگای هەک و دەست‏پێڕاگەیشتن بە زانیاریی گرینگ لە جیهاندا دامەزراوە.