کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک بە بۆنەی ٧٠ـه‌مین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

15:15 - 13 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سوید لە شاری یوتۆبۆری سمینارێک بەڕێووە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە شاری یوتۆبوری وڵاتی سوید، بە هاوکاری ڕێکخراوی یەکیەتیی کوردان و ABFی ئەو شارە، سمینارێکی بۆ دوکتور ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆ لە ستوکۆڵم، بەبۆنەی یادی ٢ی ڕێبەندان ٧٠ـه‌مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێک هێنا.

سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کومیتەی حدکا لەلایەن بەرێز موراد قادری بەر پرسی کومیتەی حیزب لە شاری یوتوبۆری خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە یوتوبۆری لەلایەن خاتوو کۆچەر پێشکەش کرا.
لە تەوەری یەکەمی سیمینارەکەد، ئیدریس ئەحمەدی باسەکانی خۆی لە دوو بەشدا پێشکەش کرد. بەش یەکەم باسێک بوو لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و هەروەها شێوەی دامەزراندنی کۆماری و تێکچونی کۆماری کوردستان.

بەشی دووهەمی باسەکەی ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی بوو لەسەر کۆماری کوردستان و بارودۆخی سیاسی ئەوڕۆی هەموو بەشەکانی کوردستان.

ئەحمەدی لە باسەکەیدا ئاماژەی بە هۆکارە مێژویەکانی ڕاپەڕینەکانی نەتەوەی کورد و هەل و مەرجی تایبەت بە دامەزرادنی کۆماری کوردوستان کرد.

ناوبراو لەدرێژەی باسەکەیدا کۆماری کوردستانی وەک پێناسەیەکی مودێڕنی ڕاگەیاندن و خاڵێکی گرینگ لە هەمبەر پرسی شوناسی نەتەوەیی و پرسی ئیرادەی سیاسی نەتەوەکەمان لە پێناو مافی دیاری کردنی چارەنوس وەسف کرد.

لە بەشی دووهەمی سیمینارەکەدا، بەشداربووان ڕا و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ووتەکانی دوکتۆر ئیدریس ئەحمەدی و کۆمەڵێک سەرەنج، تێبینی و پرسیاریان ئاراستەی ناوبراو کرد و لە لایەن ئەحمەدیەوە وڵام درانەوە.

لەو سیمینارەدا، پارتی دێموکراتی کوردستان لە یوتوبۆری،کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نوێنەرایەتی دەرەوەی ولات پەیامیان پیرۆزباییان پێشکەش کردبوو.