کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە کانادا بەڕێوە چوو

15:08 - 15 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٧٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی کوردستانی و ئێرانی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری تورێنتۆ بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگڕتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‏کرد.

پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کومیتەی ڕۆژهەڵاتی کانادا، لە لایەن تەها حەسەنیانیەوە پێشکەش کرا.

حەسەنیانی لە پەیامەکەی‏دا، وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی ٧٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئاماژەی بە بەڕێوەبردنی سیستمێکی سەردەمیانەی حکوومەتی لە لایەن کۆماری کوردستان، لە هەڵومەرجی ئەوکاتدا کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێشکەشی ڕێوڕەسمەکە کرا کە بریتی بوون لە:
ـ کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی ئەمریکای باکوور
ـ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان ـ کومیتەی ڕێکخستنی کانادا
ـ فداییان خلق ایران ـ اکثریت
ـ حزب خلق بلوچستان