کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاپارتایدی ڕەگەزیی پیاوسالارانە

22:19 - 15 رێبەندان 2715

ڕووناک فەتحی

تەرفەندەکانی بانگەشەکردنی ژنان بۆ شانۆگەریی هەڵبژاردن

هەڵبژاردن، وەك یەکێک لە ئەسڵەکانی دێموکراسی، بڕیاری ئاگاهانەی خەڵکە لە بەرانبەر دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتی خۆیان. بە واتایەکی دیکە دەسەڵاتی حکوومەت سەرچاوەگرتووە لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵک.

لەسەر ئەم مەبنایە بەشداری‏کردن لە هەڵبژاردن مەرجی هاوسان بوونی هاووڵاتیانە بەبێ جیاوازیی جنسییەتی،ئتنیکی و نەتەوەیی و...هتد. ئەگەر لەم سۆنگەوە چاو لە هەڵبژاردنەکانی سێ دەیەی ڕابردوو لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکەین، دەبینین نە تەنها هەڵبژاردن لەسەر مەبنایەکی دێموکرتیك و ئازادانەی سەرچاوە گرتوو لە ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك بەڕێوە نەچووە، بەڵکوو هەرجارەو بەشانۆگەرییەکی لەپێشدا موهندسی کراو، ماف و ئازادییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی بنەمای ئایینی و ئیدئۆلۆژیکی چەقبەستووی ویلایەتی فەقیهـ قەتیس کراون و هەڵبژاردن لە ناوەرۆکی دێموکراتیکی خۆی بەتاڵ و لەگەڵ پێوەرە نێونەتەوەییەکاندا نەگونجاو بووە. بۆ بەشداری لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی دەورەی پێنجەمی مەجلسی خوبرەگانی ڕێبەری و مەجلسی دەیەمی شوورای ئیسلامی، هەرکام لە باڵەکانی ڕێژیم بۆ بازارگەرمیی شانۆگەریی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی سیستماتیك و گەڵاڵە کراو، لە هەموو تەرفەندێك کەڵك وەردەگرن بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆسەر سندووقەکانی هەڵبژاردن و دەنگدانیان بە بەربژێرەکانی جێگای پەسەندی ویلایەتی فەقیهـ. ئەوەی لە شانۆگەریی ئەمجارەدا زیاتر جێگای سەرنجە! بانگەشەکردن و هاندانی توێژی ژنانە بۆ خۆ بەربژێر کردن و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیی و ئیدارەی کارە گشتییەکانی وڵاتە.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا لە ماوەی ٣٦ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‏دا چ گۆڕانێکی ئەرێنی لە سیستم و یاساکانی ئیراندا کراون لە بەرانبەر ویست و داخوازەکانی ژنان؟ تا بانگەشە بۆ بەشداریی پڕ ڕەنگی ژنان بکەن لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، نییەتی پشتی ئەم بانگەشانە لەم خاڵانە دەخەمە ڕوو، یەکەم دەسەڵات باش لەو ڕاستییە گەیشتووە کە ژنانی ئێران لە ڕووی ئاستی خوێندەواری، پلەی بەرزی زانستی و ئاشنا بوون بە ماف و داخوازەکانیان و هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نۆرمە پێشکەوتووەکانی دونیای مۆدێڕن، خۆیان لە بازنەی دەسەڵاتی ئایینی و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی‏دا نابیننەوە، بێجگە لەو ژنانەی کە باوەڕیان هەیە بە یاسا دژی مرۆڤییەکانی ڕێژیم. دووهەم بەو پێیەی کە ژنان پێکهێنەری نیوەی حەشیمەتی کۆمەڵگان، دەنگی ئەوان دەتوانێ شوێندانەر و یەکلاکەرەوە بێ لە هاتنەسەر و کەوتنی باڵەکانی بەشدار لە هەڵبژاردندا، سێیەم نیشاندانی سیمایەکی ڕواڵەتیی بە دونیای دەرەوە کە کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە هاوسان بوونی ژن و پیاو هەیە لە دەسەلاتی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاردان‏دا و لەم بوارەدا ڕێگە خۆشکەرە بۆ پشتیوانی‏کردن لە ژنان.

بۆ چەسپاندنی ئەم تەرفەندانە باس لە ژنان وەکوو هێزی بالقوەی کۆماری ئیسلامی و زیادکردنی ڕێژەی ژنان لە سەدا ٥ بۆ سەدا ٣٠ لە مەجلسی شوورای ئیسلامی دەکرێ. میدیا و ڕۆژنامەکانی دەسەڵاتیش ئەم بانگەشانەیان کردووە بە خۆراکی بازاڕگەرمیی هەڵبژاردن. دوای خۆ بەربژێرکردنی ١٦ ژن بۆ مەجلسی خوبرەگانی ڕێبەری، شیاو بوونی ئەو ١٦ ژنە لە لایەن شوورای نیگابانەوە بە تەواوی ڕەد کرانەوە. لەم بارەوە محمد مصباحی یزدی ڕەئیسی مەجلسی خوبرەگان، شیاو نەبوونی بەربژیرە ژنەکانی بۆ بد حیجابی و نیەتی نەرێنی لە پشت ئەو خۆ بەربژێر کردنانەوە گەڕاندەوە. لە یەکەم هەنگاودا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆی جارێکی دیکە بە ژنان نیشاندایەوە.

بۆیە ئەوەی لێرەدا گرینگە، هەڵوێستی هۆشیارانەی توێژی ژنانە بە بەشداری نەکردن لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان و وتنەوەی نا بۆ ڕەوایی بەخشین بە دەسەلاتێک کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی، بێ‏ڕێزی کردن بە کەرامەتی ژن و چەسپاندنی دەیان یاسای دژە ژنی و مرۆڤتەوەری بەرانبەر بە دۆزی ڕەوای ژنان. بەتایبەتی ژنانی خەباتکاری کوردستان کە بە چەند قات زیاتر لە ژنانی دیکەی ئیران بە هۆی کورد بوونیانەوە لە ژێر زوڵم و زۆرداریی دەسەڵاتی ئاخوندی‏دا، چەوسێندراونەتەوە. بەردەوامی لە خەباتی یەکسانیخوازیی وخۆڕاگری دژی ئاپارتایدی جنسی، تاکە ڕێگای سەرکەوتنە لەبەرانبەر ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری وەك کۆماری ئیسلامی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە