کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەنعەتی ئێران لە ڕۆژدا ١٩٠ میلیۆن دۆلار خه‌ساری وێکەوتووە

15:03 - 17 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: هەواڵدەریی حکوومەتیی تەسنیم، ڕۆژی هەینی لە زاری سەرۆکی دەزگای میراتی کولتووریی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە؛ گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، ڕۆژانە بڕی ١٩٠ میلیۆن دۆلار خەساریان بە سەنعەتی ئێران گەیاندووە.

مەسعوود سوڵتانی‏فەڕ لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی هۆتێلێک لە شاری سمنان، وێڕای درکاندنی ئەم ئامارە ڕایگەیاند: هەندێک کەس، -کە مەبەستی ناوبراو مەحمود ئەحمەدی نژادە- گەمارۆکانیان بە شڕە کاغەز دادەنا، لەبەر ئەوەی هیچ شتێکیان لەم ڕاستییانە نەدەزانی.

ئەم قسانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە هێشتا بەشێک لە دەسەڵاتداران پێیان وایە بڕیارنامە و گەمارۆکان تەنیا شڕە کاغەزن. فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی، عەتا ساڵحی، لە نوێترین لێدوانی‏دا، بڕیارنامەکانی شوورای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە قسەی بێ‏نێوەڕۆک داناوە و دەڵێ: ئەم بڕیارنامانە تەنیا لاف لێدانن.

نوێترین بڕیارنامەی ئاماژەبۆکراو، دوابەدوای تاقیکاریی مووشەکی بالستیکی عیماد دەرکرا کە تێیدا، کارناسانی کۆمیتەی تەحریمی شوورای ئەمنیەت، ئەم تاقیکارییەیان بە پێشێل کردنی گەمارۆنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەقەلەم دابوو.

خەڵکی ئێران لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا و پاش دەسپێکی گەمارۆنامە نێونەتەوەییەکان لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، پێشەیی و ... کۆمەڵێک گرفتی بنەڕەتییان تووش بووە کە وەک بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی باسی لێوە دەکەن، قەرەبووکردنەوەیان دەیان ساڵ کاتی پێویستە.