کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبە كوردستانییەكانی كوردستانی توركیە كۆنفڕانسێكیان لە سەر ڕەوشی كوردستانی توركیە پێك‏هێنا

22:16 - 17 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: ئەمڕۆ لە كوردستانی باكوور، شەش حیزبی كوردستانی بە ناوەكانی حیزبی ئازادیی كوردستان(پاك)، پارتی سوسیالیستی كوردستان(پ. س.ك)، پارتی دێموكراتی كوردستان – باكوور و پارتی ئازادی و سوسیالیزم(ئۆ. س.پ) و حەرەكەتی ئازادی و پارتیی كوردستانی(پاكورد) كۆنفڕانسێكیان پێك‏هێنا.

بەپێی هەواڵەكان، لە شاری ئامەد ئەو حیزبە كوردستانییانە لە ژێر ناوی (كۆنفڕانسا پێرسپێكتیڤا چارەسەرییا سیاسی و ب داوی ئانینا شەڕ) بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، ئەو كۆنفڕانسە بەڕێوە دەبەن.
ئەو كۆنفڕانسە ئەمڕۆ بە دانانی بەشێك لە قسەكانی تاهیر ئەڵچی، كە ماوەیەك بەر لە ئێستا لە ئاكامی شەڕێكی توند و تیژ لە نێوان لایەنەكانی شەڕدا كوژرا دەستی پێ‏كرد، ناوبراو لە قسەكانیدا پێداگریی لە سەر ڕاوەستاندنی شەڕ كردووە.

دواتریش نوێنەرانی ئەو حیزبانە، وتارەكانی خۆیانیان پێشكەش كرد. لەو كۆنفڕانسەدا، بێجگە لە نوێنەرانی حیزبە ئاماژە پێكراوەكان، خەڵكی نیشتەجێی هەرێمەكانی شەڕ و هەروەها ئاكادمیسیەن و نوێنەرانی چەندین ڕێكخراوی مەدەنییش بەشدارن.

شایانی باسە كە؛ ئەم لایەنانە بێجگە لە ڕاوەستاندنی شەڕ، هەوڵ دەدەن كە داوا ڕەواكانی كورد زۆر بە ڕوونی و بە شێوەی كۆنكرێت ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی كە بیانووی ڕوون نەبوونی داواكانی كورد لە حكوومەت ببڕن.

شایانی گوتنە كە؛ ئا.ك.پ ڕایگەیاندووە كە ئەوان ئیتر لەو پاكێتە نوێیەدا، پ.ك.ك وەك بەردەنگی خۆیان نابینن و ئەمەش ناڕەزایەتیی لە نێو لایەنە كوردییەكاندا دروست كردوە و ئەو لایەنە كوردییانە ڕادەگەیەنن كە بە بێ قبووڵكردنی پ.ك.ك وەك بەردەنگ، پرسەكە ئاڵۆزتر دەبێ.