کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزیک بە ٧ میلیۆن کەس لە تاراندا بێکارن

14:53 - 18 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: نوێترین ئامارە حکوومەتییەکان دەریدەخەن کە لە کۆی حەشیمەتی ١٠ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسیی تاران، تەنیا ٣ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس کار دەکەن و ٦ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار کەسەکەی دیکە بێکارن.

وەزارەتی کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بۆ بارودۆخی کار لە ئێران، باسی لە بوونی نیزیک بە ٧ میلیۆن بێکار لە گەورەترین شاری ئێراندا کردووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە تەنیا ٣ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە پێتەختی ئێراندا خاوەنی کارن.

هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ نرخی بێکاریی پێتەختی ئێران لە هاوینی ساڵی ٩٣، ٥.١% بووە، بەڵام ئەم ڕێژە لە هاوینی ساڵی ٩٤دا، گەیشتۆتە ٩.٢%. ١٣.٢%ی بێکارانی وڵات لە تاراندان و نرخی بێکاریی ژنانی نیشتەجێی تاران، ٢ قات زیاتر لە نرخی گشتیی وڵاتە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی وەزارەتی کاردا هاتووە، نیزیک بە ٥٠%ی خاوەن کارەکان لەم شارەدا زیاتر لە ٤٩ کاتژمێر لە حەوتوودا کار دەکەن، کە ئەمە دەرخەری بوونی ژیانی دژوار و ناچاربوونی دانیشتوانەکەی بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیانە کە لە کۆی دەرەتانەکانی کار، ٧٨.١% لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دابین کراوە.

ئامارێکی سەرنجڕاکێشی دیکە، کە لە ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراودا هاتووە ئەوەیە کە، شاری تاران خاوەنی ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تاکی خوێندەواری ناچالاکە و کۆی حەشیمەتی خوێندەواری بێکار لە ئێران، بریتییە لە ٥ میلیۆن و ٨١٣ هەزار کەس.