کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەسەد و ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە درێژەی هەیە

14:56 - 18 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: هێزەکانی بەشار ئەسەد و سپای تیرۆریستی پاسداران، بە پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیه، بە توندی پارێزگای حەلەب بۆدرومان دەکەن و ئەوەش ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی لێ‏کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، شەڕ و پێکدادان لە شاری حەلەبی سووریه، لە نێوان هێزەکانی ئەسەد و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە بە پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیە و هەروەها هێرشی میلیشا شیعەکانی ئێرانی و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و عێراق، چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە.

بە هۆی ئەو شەڕەوە دەیان هەزار کەسی نیشتەجێی شاری حەلەب ئاوارە بوون و بەرە و سنوورەکانی تورکیە ڕۆیشتوون.

دوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕووسیە لە سووریەدا، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد و میلیشا هاوپەیمانەکانی، داعش و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بەردەوام بوو.

دوای دەستێوەرانی ڕووسیە، ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن چڕتڕ کردەوە.
دوای ئەوەیکە شەڕ لە نێوان هێزەکانی سووریە و دژبەرانی ئەسەد توندتر بووە، عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە هێزی سەربازیی بۆ سووڕیە ڕەوانە دەکات و ئەوەش لەگەڵ پێشوازیی ئەمریکا بەرەوڕوو بووە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی توندیان نیسبەت بەو بڕیارەی عەرەبستانی سعوودی دەربڕی و ڕایانەگەیاند کە؛ ئێمە بەرەنگاری ‌هێزەکانی ئەو وڵاتە دەبینەوە.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لەو وڵاتە شەڕ دەکەن و تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا کوژراون و خامنەیی نیسبەت بە کوژرانی ئەندامانی سپا هاتە دەنگ.

هەروەها وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریه گوتی؛ ئەگەر عەرەبستان هێرش بکاتە سەر خاکی سووریە، ئێمە سەربازەکانی ئەو وڵاتە لە تابووت‌دا دەنێرینەوە بۆ عەرەبستان.

ئەو لێدوانانە لە کاتێک‌دا دێن کە، لەئێستادا عەرەبستانی سعوودی و بەحرەین ١٥٠ هەزار هێزی سەربازیی خۆیان مەشق پێ دەکەن، بۆ ئەوەی ڕەوانەی سووریەیان بکەن.

قەیرانی سووریه دوای شکستی کۆبوونەوەی ژنێفی ٣، قووڵتر بووەتەوە و شەڕ لەو وڵاتە پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە.