کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران: سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە خەڵكی ئێران لە سووریە بكوژرێن

21:07 - 18 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ڕایگەیاند كە؛ ناردنی هێز بۆ شەڕی سووریە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی نیە.

محەممەدعەلی جەعفەری، لە ڕێوەڕەسمی هێنانەوەی تەرمی ئەو ٦ پاسدارەی كە لە شەڕی سووریەدا كوژرابوون ڕایگەیاند كە؛ شەهیدانی پارێزەری حەرەم، سەرەڕۆیانە و بەپێی خواستی خۆیان دەچن بۆ سووریە و لە ئەنجامی پاراستی حەرەمەكاندا شەهید دەبن.

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە كاتێكدا ئەو لێدوانانەی دا كە؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا و دوای چڕبوونەوەی هێرشەكانی ئەرتەشی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، ئاماری كۆژراوە ئێرانیەكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و كۆماری ئیسلامیش تەواوی كوژراوەكانی خۆی بە شەهیدی پارێزەری حەرەم پێناسە دەكات.

ئەوە لە كاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بوونی خۆی لە سووریەی تەنیا بۆ ڕاوێژ و مەشق پێكردنی هێزەكانی بەشار ئەسەد پێناسە دەكرد و ڕایدەگەیاند كە هیچ هێزێكی چەكدارمان لە نێو خاكی سووریەدا نیە، بەڵام دەبینین كە تەواوی كوژراوەكانی ئێران لە سووریە ئەندامانی پلە بەرزی سپای پاسدارانن و ئەوەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ كە، كۆماری ئیسلامی بە هێزێكی چەكدار و شەڕكەر لە سووریەیە و لە دژی هێزەكانی دژبەری بەشار ئەسەد شەڕ دەكات.

فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، لە بەشێكی دیكە لە وتەكانیدا ڕایگەیاند كە، هەندێك كەسی سادە و ساویلكە لەسەر ئەو باوەڕەن كە شەڕی سووریە شەڕی نێوخۆیی خۆیانە و نابێ ئێمە لەوێ بوونمان هەبێت، بەڵام پێویستە ئەو كەسانە ئەوە باش بزانن كە، ئەگەر شەڕ و بەرخۆدانی سووریە شكست بێنێ، ئەو شەڕە دەگاتە سنوورەكانی كۆماری ئیسلامی.