کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە دەستێوەردانی سعوودی لە سووریەدا دەترسێت

15:11 - 19 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە دەستێوەردانی نیزامیی عەرەبستانی سعوودی لە سووریەدا، دەترسێن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەیکە حکوومەتی پاشایی سعوودی، بەحرەین و ئیمارات ڕایانگەیاند کە هێزی نیزامی بۆ سووریە ڕەوانە دەکەن، فەرماندەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران، نیگەرانی خۆیان دەربڕی و لێدوانی جیاوازیان دا.

محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەنیسبەت ئەو هەڵوێستەی سعوودی ڕایگەیاند کە؛ سپای پاسداران نایهەوێ هیزی زیاتر بۆ سووریه ڕەوانە بکات.

هەروەها حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سپای ڕێژیمی ئێران، لەو بارەیەوە لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی‏دا گوتی کە؛ ئێمە نیسبەت بەو کارە نیگەرانین و ئەوەش ئاژاوەیەکی وێرانکەرە لە جیهانی ئیسلامدا.

لەو پێوەندییەدا، فەهد شەقیران نووسەر و شرۆڤەکاری عەرەب ڕایگەیاند کە؛ سعوودی بۆ دەستێوەردانی نیزامی لە سووریەدا، بە خوێندنەوەیەکی ڕاست و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان‌دا هەنگاو دەنێت.

شەقیران هەروەها گوتی کە؛ ترسی ڕێژیمی ئێران لە دەستێوەردانی سعوودی لە وڵاتی سووریەدا، پێکهاتنی هێزێکی نیزامیی کاریگەر لە ناوچەکەدایە کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دژبەرانی ئەسەد و لەسەرکار لابردنی بەشار ئەسەد.

بەشێکی دیکەی نیگەرانییەکانی ڕێژیمی ئیران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژانە ژمارەی کوژراوەکانی لە سووریە زیاد دەکات.

کارناسانی کاروباری ئێران لەو باوەڕەدان کە وتەکانی جەعفەری و هێمای ناوبراو بە هەندێک بابەتی شاراوە دەرخەری ئەوەیە کە بەرپرسانی ئێرانی لە دەستێوەردانی سعوودی لە سووریە، ناڕازین.