کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوورمحەممەدی/ گەندەڵیی لە نێو ڕێژیمدا بوونی هەیە

15:21 - 19 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: وەزیری دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مستەفا پوورمحەممەدی، دانی بەوەدا نا کە لە ئێراندا بە ڕێژەیەکی زۆر گەندەڵی بوونی هەیە و ڕێژیمیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەکان بێ توانایە.

هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کردەوە، وەزیری دادی ڕێژیم لە کۆڕی مافە شارۆمەندییەکاندا وتوویەتی: دەبێ ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەین کە لە ڕەچاوکردنی مافە شارۆمەندییەکاندا، کەم کاریمان کردووە و لە بەرانبەر گەندەڵییەکانیش‏دا، توانایی ڕووبەڕووبوونەوەمان نیە.

پێشتریش هەندێک لە بەرپرسە حکوومەتییەکان باسیان لە بوونی بەلێشاوی گەندەڵی لە دام و دەزگا حکوومەتییەکان‏دا کردبوو. بۆ وێنە ئەحمەد تەوەکۆلی گووتبووی گەندەڵی لە وڵاتدا نەهادینە کراوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دامودەزگا حکوومەتییەکاندا پەرەی سەندووە.

هەروەها عیزەتۆڵڵا یووسفیان ئەندامی چاوەدێریی مەجلیس لە ستادی خەبات بە دژی گەندەڵیی دارایی، لە دانیشتنێکی مەجلیس‏دا ڕایگەیاندبوو: لێپرسراوانی حکوومەتی، تەنانەت بەرپرسانی پارێزگاکانیش ڕۆڵیان لە پرسی زمین خواریدا هەیە و بانکەکانیش بوونەتە شوێنی گەندەڵیی دارایی.

قسەکانی پوورمحەممەدی لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەیی،شفافیت بین الملل، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندان، ئێرانی وەک یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناوزەد کردبوو کە لە نێو ١٦٨ وڵاتی جیهاندا، پلەی ١٣٠ی گەندەڵیی ماڵیی بۆ خۆی تۆمار کردووە.