کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسندکردنی یاسایەکی نوێ بۆ ئاوەڵاکردنی دەستی \"زمین خوار\"ەکان

14:16 - 20 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: مجلیسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یاسایەکی نوێی لە ژێر ناوی پاراستنی زەوییە کشت و کاڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پەسند کردووە کە بەهۆیەوە زمین خوارە بە ئەزمونەکان دەستیان بۆ گەندەڵی زیاتر ئاوەڵا دەبێت.

ڕۆژنامەی جوان سەبارەت بەم یاسایە ڕاپۆرتێکی لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتووە؛ بەهۆی هەندێک لایەنی ئەم یاسایە، بریار وایە ئیزن نامە و بەڵگەی یاسایی بەو زەوییانە بدرێت کە تاکوو ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، بەشێوەی نایاسایی داگیر کراون و وەک ویلا، باخ و زەوی کشت و کاڵی کەڵکیان لێوەر دەگیرێت.

بەوتەی یەكێک لە چالاکانی ژینگەپارێز کە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم ڕۆژنامەی داوەتەوە؛ پەسندکردنی وەها یاسایەک بەمانای تاڵان‌کردنی زەوییە گشتییەکان لە کاناڵێکی یاساییەوەیە کە بە پێداگری کەسانێک لە مەجلیسدا ئەنجام دراوە کە بۆ خۆیان زمین خوارن و هەنووکە پەروەندەی گەندەڵییەکانیان لە دادگا دایە و بەم شێوەیە دەرەتانێکی یاسایی بۆ خۆدەربازکردن دەدۆزنەوە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێ: لە ڕاستیدا دەبێ ناوی ئەم یاسایە خەیانەت بە نیشتمان و قازانج و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت و ئەم یاسایە وەک دانی گۆشت بە پشیلە دەشوبهێنێت.

زمین خواری بریتییە لە دیاردەیەک کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا لە ئێران هاتووەتە ئاراوە و بە هۆیەوە کەسانی زمین خوار دەست بەسەر زەوی و مڵکە گشتییەکاندا دەگرن و پاش دانی بەرتیل یان دۆزینەوەی هەندێک کەلێنی یاسایی، دەیکەن بە مڵکی شەخسی و بازرگانی پێوە دەکەن کە لە ئێراندا زیاتر لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی و ئاقازادەکانەوە ئەنجام دەدرێت.