کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی رۆژهەڵات، بایکۆتی شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکان لە ئێران، دەکەن

14:28 - 20 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەمبەر پرسی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و خبرگان لە ئێران‌، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات:

لاوانی نیشتمانپەروەر
کوردستانییانی خۆشەویست


هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی دێموکراتیکی گرینگ، یەکێک لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی بەرێوەبەرانی وڵاتەکەیانە و کاتێک کاریگەری دەبێ کە ببێتە دەرفەتێک بۆ گۆرانگاری لە دەسەڵات و بە پێی پێوەرە دێموکراتیەکان (ئازاد، عادیلانە ، دەورەیی ، ....) بەرێوە بچێت.

بە بێ بەرێوە چوونی هەڵبژاردنی ئازاد، هاووڵاتیان نە دەتوانن بەرێوەبەرە شایستەکانی خۆیان هەڵبژێرن و نە دەتوانن گۆزارشت لە دەربرینی ئیرادەی خۆیان بکەن. لە چوارجێوەی کۆماری ئیسلامی ئیران نە هەڵبژاردنی ئازاد هەیە و نە نوێنەرانی شیاوی خەڵک دەتوانن خۆیان بپالێون. لە سیستەمێکی هاوشیوەدا کە شەرعیەتی نوێنەر پێوەندی نیە بە دەنگ و رەزامەندی خەڵکەوە، هەڵبژاردن تەنیا دەتوانێ شانۆیەک بێ بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەتی رژیم.

بۆیە بەو پێیە کە هەڵبژاردن ناتوانێ هیچ گۆرانکارییەک لە سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بێنێتە کایەوە و بە هەڵبژاردنی ئەم جارەش قەیرانەکانی چین و توێژەکانی ئێران بە تایبەت لاوان چارەسەر نابن.

بۆیە ئێمە وەک رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، لەو بڕوایە داین کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان باشترین وڵامدانەوەیە بۆ خستنە ژێر پرسیاری رەوایی رژیمی ئێران و داوا لە لاوانی کوردستان دەکەین کە بەشداری لە هەڵبژاردنێك دا نەکەن کە تەنیا رەواییەکی روکەش دەدات بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی.

بروخێ رێژیمی تێرۆریست و دژبەری ئازادی و یەکسانی کۆماری ئیسلامی ئێران
سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازان
لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات

٧ی رێبەندانی ٢٧١٥ی کوردی