کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەكگرتووەكان: ڕێژیمی سووریە جەنایەتی جەنگی ئەنجام داوە

21:54 - 20 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوەی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی کردەوە كە، ڕێژیمی سووریە بە هۆی ئەشكەنجەدان و كۆمكووژی بەرینی خەڵک لە گرتووخانەكانی، تاوانبارە بە كۆمەڵكووژی زیندانیان و جەنایەتی شەڕ، چوونكە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتەدا كۆمەڵكووژ كراون.

كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوەی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی زیاتر لە ٤ ساڵدا كە لە ئەنجامی وتووێژ لەگەڵ شاهیدانی جەنایەتەكان و ئەو كەسانەی كە بە هۆی جۆراوجۆر لە زیندانەكانی بەشار ئەسە لە مردن ڕزگاریان بووە، ئەو بڕیارەی داوە.

لێكۆڵینەوەكە باس لەوە دەكات كە زۆربەی ئەو كەسانە كە لە گرتووخانەكانی بەشار ئەسەددا گیانیان لەدەست داوە، بە هۆی برسییەتی و پێ‌نەدانی خۆراک و هەروەها دەرمان‌نەكردنی برینی بریندارەكان بەو مەبەستە كە مردنێكی بەژان و دژواریان هەبێت، كوژراون.

كۆمسیۆنی لێكۆڵینەوە هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە لە دژی كاربەدەستانی نیزامی و غەیری نیزامی سووریە كە ڕۆڵیان لە كوشتن و ئەشكەنجەدان و بێ‌سەر و شوێنكردنی گرتووەكاندا هەبووە، تەحریمی هەدەفمەندانە پەسند بكات.

ئەو لێكۆڵینەوەیە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٦ی زایینیەوە كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانەكانی سووریە، دەست پێ كردووە و مانگی نۆوامبری ساڵی ٢٠١٥ بە كۆتایی گەیشتووە و لەسەر ئەساسی وتووێژ لەگەڵ ٦٢١ كەس لە گرتووە ڕزگاربووەكان لە گرتووخانەكانی بەشار ئەسەد و هەروەها شاهید و بەڵگە جۆراوجۆرەكان ئەنجام دراوە.

لەو ڵێكۆڵینەوەیەدا هەروەها هێما بەوە كراوە كە، ڕاستە زۆربەی ئەشكەنجە و كۆمەڵكووژیەكان لە گرتووخانەكانی بەشار ئەسەد ئەنجام دراون، بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش و جەبهەتوو لنوسرە هەر لەو پێوەندییەدا ئەشكەنجە و كۆمەڵكووژی ئەنجام داوە.