کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ بۆردوومانی حەلەب هۆشداری دەداتە مۆسكۆ

21:55 - 20 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: ڕاوێژكاری ئاڵمان ئانگلا مێركل، لە نێوان سەرەدانەكەی خۆی بۆ توركیە، لە ئانكاراوە بۆردوومانكردنی شاری حەلەبی لە لایەن فڕۆكەكانی ڕووسیەوە بە توندی مەحكووم كرد و هاوكات وەزیری كاروباری دەرەوەی ئاڵمانیش فرانک شتاین مایر بە نیسبەت عەمەلیاتە ئاسمانییەكای ڕووسیە لە باكووری سووریە، هۆشداری دا.

مێركل لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ داوودئۆغڵوو سەرۆك وەزیرانی توركیەدا، سەرەڕای ئەوەیكە باسی لە كارەساتێكی مرۆڤی لە سەر سنوورەكانی نێوان سووریە و توركیە كرد، بۆردوومانی فڕۆكەكانی ڕووسیەی بە تووندی مەحكووم كرد.

مێركل ڕایگەیاند كە بۆردوومانكردنی شاری حەلەب لە لایەن ڕووسیەوە، پێشێل‌كردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە، چوونكە بڕیارنامەكە بۆردوومانكردنی خەڵكی سڤیل قەدەغە دەكات، بۆیە داوا لە ڕووسیە دەكەین بە زووترین كات كۆتایی بە بۆردوومانی شاری حەلەب بێنێت.

هەر لەو پێوەندییەدا فرانک شتاین مایر وەزیری كاروباری دەرەوی ئاڵمان ڕایگەیاند كە هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیە بۆ سەر شاری حەلەب كە هەزاران ئاوارەی لێ كەوتووەتەوە، جێگەی نیگەرانی كۆمەڵگای جیهانییە.

شتاین مایر هەروەها زیادی كرد كە ڕاستە بە هۆی پشتیوانی ئاسمانی فڕۆكەكانی ڕووسیە ئەرتەشی بەشار ئەسەد توانیویەتی كە هەندێک شار و شارۆچكە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، بەڵام من لە سەر ئەو باوەڕەم كە ئەو پێشڕەویانە زۆر بەردەوام نابن، چوونكە سیگناڵی جۆربەجۆر هەن كە وڵاتانی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دژبەرانی بەشار ئەسەد، هێزی زەمینی دەنێرن بۆ سووریە.