کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بێکاری بەردەوام بەرز دەبێتەوە

20:34 - 21 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە هۆشداری داوە لەمەڕ دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە ئێراندا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی ئامار نرخی بێکاری لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ هاوینی ١٣٩٤، ٢.% زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠.٧% کە یەکسانە لەگەڵ بێکاری ٢ میلیۆن و ٦٤٦ هەزار کەس و لە نێوان پاریزگاکانی ئێراندا پارێزگا سنوورییەکانی وەک سنە، کرماشان و ئیلام زۆرترین نرخی بێکارییان هەیە.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئابووریناسانی سەربەخۆ پێیان وایە ڕێژەی بێکاری لە ئێران گەلێک زیاترە و سنوورەکانی ٢٠%ی تێپەڕاندووە و بەپێی نوێترین ئاماری بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی، دراوی ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٩ بۆ بێکاری و پلەی حەوتەمی بۆ هەڵاوسانی هەیە.

بەوتەی عەلی ڕەبیعی وەزیری کار و خۆش بژیوی کۆمەڵایەتی هەنووکە ٤٠%ی بێکارانی وڵات کەسانی خوێندەوار و دەرچوانی زانکۆکانن.

ڕۆژنامەی سیاست روز لە ژمارە ٤١٢٠ی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ژیانی چینە کەم داهاتەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس هێڵی هەژاری لە ئێران ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە، بەڵام لانی زۆری داهات بۆ چینە کەم داهاتەکان بریتییە لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن، کە بەم شێوەیە ٥٠% کەمتر لە هێڵی هەژارین؛ ئەمەش وای کردووە کە توانای دابینکردنی بژێوییەکانی ژیان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی.

بەپێی هەندێک ئاماری حکوومەتی حەشیمەتی کرێکارانی ئێران بریتییە لە ١٣ میلیۆن کەس کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بنەماڵەکانیان دەتوانین بڵێین نیزیک بە ٤٤ میلیۆن کەس واتە ٥٢%ی خەڵکی ئێران بە نانی کرێکاری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.