کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاودێری مافی مرۆڤ هۆشداری دەداتە ڕووسیە و سووریە کە بۆمبی خووشەیی بەکار نەهێنن

20:37 - 21 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ بەکارهێنانی بۆمبی خووشەیی لە لایەن ڕووسیە و سووریه لە شەڕی ئەو وڵاتەدا، هۆشداریی دایە ئەو دوو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە سووریە و ڕووسیە کەڵک لە بۆمبی خووشەیی وەردەگرن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان تا ئێستا ١٤ بۆمبی خووشەیی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کەڵکی لێوەر گیراوە کە لەو هێرشانەدا ٣٧ هاووڵاتیی سڤیل کە ٧ کەسیان ژن و ٩ کەسیشیان منداڵ بوونە، گیانیان لە دەست داوە.

بەکارهێنانی بۆمبی خووشەیی لە ئاستی جیهاندا قەدەغە کراوە و کەڵک‌وەرگرتن لەو بۆمبانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەباەرت بە گەمارۆدانی شاری حەلەب و ئەگەری ڕوودانی جەنایەتی مرۆیی هۆشداری دا.

هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی نیسبەت بە ئەوەیکە ٣٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی حەلەب نەتوانن دەستیان بە خۆراک بگات دەربڕی.