کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری قەیرانی مرۆیی لە حەلەب لە ئارا دایە

20:44 - 21 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ داخستنی سنوورەکانی تورکیە ڕوو لە ئاوارەکانی سووریە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لەمەڕ ئەگەری قەیرانێکی مرۆیی لە شاری حەلەب دا.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە گەمارۆدانی شاری حەلەب لە سوریە لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە قەیرانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە چوونکە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەسی ئەم شارە لەگەڵ کەمی خواردەمەنی و دەوا و دەرمان بەرەوڕوو دەبنەوە.

نووسینگەی کاروباری هاوئاهەنگییە مرۆڤدۆستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: هێزەکانی دەوڵەتی ئەسەد بەتەمای داخستن و گەمارۆدانی دوایین شاڕێگەی پێوەندی ئێمە لەگەڵ خەڵکی لە گەمارۆکەوتووی حەلەبن و ئەگەر ئەم ڕێگە بگیرێت زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس تووشی کەمی خۆراک و دەرمان دەبنەوە کە ئەمەش قەیرانی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە هەواڵێکدا بڵاوی کردۆتەوە هێزەکانی ئەسەد بە پشتیوانی هەوایی ڕووسیە و چەکدارەکانی سپای پاسداری ڕێژیمی تاران و حیزبووڵای لوبنان لە چەند رۆژی ڕابردوودا هێرشی خەست و خۆڵیان کردۆتە سەر شاری حەلەب کە هەنووکە لەژێر کۆنتڕۆڵی دژبەرانی بەشار ئەسەد دایە.

لەمبارەوە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەوڵەتی تورکیە کردووە کە سنوورەکانی خۆی بۆ ئاوارە سوورییەکان بکاتەوە. هەنووکە زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارەی سووری لە وڵاتی تورکیە دان و وەک وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دەڵێ: ئەگەری زیادبوونی ئەم ڕێژەیەش لە ئارادایە.

ڕۆیتێرز لە زاری یەکێک لە ئاوارە سوورییەکانی نێو کەمپی پەنابەرانی سنوری توورکیە بڵاوی کردەوە: ئەگەر تورکیە ڕێگە بە چوونەژوورەوەی ئێمە نەدات ئێمە لە نێوان ٢ شەیتاندا دەمێنینەوە؛ یان دەبێ بۆردوومانەکانی ڕووسیە قبووڵ بکەین یان خۆمان ڕادەستی داعش بکەین.