کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی تایلەند ئیرانییەکی بە تاوان ساختەکاریی پاسپۆرت دەستبەسەر کرد

21:22 - 21 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: دوای پێنج ساڵ پۆلیسی وڵاتی تایلەند کەسێکی ئێرانی بە تاوانی ساختەکاریی پاسپۆرت لەو وڵاتە دەستبەسەر کرد.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پۆلیسی تایلەند کەسێکی ئێرانی بە ناوی حەمیدڕەزا جەعفەری تەمەن ٤٧ساڵە و ناوسراو بە دوکتور بە تاوانی ساختەکاریی پاسپۆرت لەگەڵ ٦ کەسی دیکە دەستبەسەر کرد.

پۆلیسی تایلەند لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو ئیڕانییە نزیکەی ٢٠٠ پاسپۆرتی ساختەکاری لە ماڵی ناوبراو دۆزیوەتەوە، کە بەشێک لەو پاسپۆرتانە لە گەڕیدە بیانییەکان بوونە کە دزیویانە.

نرخی هەرپاسپۆرتێک ١٢٠٠ هەتا ٢٠٠٠ یۆرۆ دیاری کراوە و زیاتر بە ئیرانی، ئەفغانی و سوورییەکان فرۆشراون.

هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری فەرماندەی پۆلیسی کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکخراوە ئەمنییەتییە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا و ژاپۆن لە شوێن ئەو ئێرانییە بوونە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە هەواڵی دەستبەسەرکردنی حەمیدڕەزا هیچ دژکردەوەیەکیان نیشان نەداوە.