کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی بەشار ئەسەد گوندەكانی سەر بە كانتۆنی عەفرین بۆردوومان دەكەن

22:07 - 21 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: ئەرتەشی رێِژیمی بەشار ئەسەد بە شێوەیەكی بەربڵاو لە ڕێگەی ئاسمانەوە و بە فڕۆكەی شەڕكەر، گوندەكانی سەر بە كانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان بۆردوومان دەكات.

بەپێی هەواڵە بڵاوكراوەكان، دوای ئەوەیكە فڕۆكە شەڕكەرەكانی سووریە هێرشیان كردە سەر گوندەكانی كانتۆنی عەفرین كە لەژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دان، فەرمانداری گشتیی یەپەگە لە كانتۆنی عەفرین ڕۆژی سێشەمە ڕێكەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە كە فڕۆكە شەڕكەرەكانی سووریە گوندەكانی چاتاڵ زیارەیت و مەزن و ماشەمرێیان لە كانتۆنی عەفرین بۆردوومان كردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا میدیاكانی سەر بە پارتی یەكیەتیی دێموكراتیک پەیەدە باس لەوە دەکەن كە هێلیكۆپتێرێكی ئەرتەشی سووریە بە بەرمیلی تەقێنەر گوندی چاتاڵ زیارەتی بۆردوومان كردووە.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو بۆردوومانە هیچ زیانێكی گیانیی بەدواوە نەبووە، بەڵام زیانی ماددی گەورە بەر خانوو و بینای هاووڵاتیان گەیشووە.

شایانی باسە كە گوندی چاتاڵ زیارەت پێشتر لە دەستی چەكدارانی جبهەتو لنوسرە و ئەحرار ئەلشام دابوو، بەڵام ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان لە لایەن شەڕڤانانی یەپەگەوە كۆنتڕۆڵ كرایەوە.