کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە سووریە کوژراون

14:57 - 22 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: چاودێری مافی مرۆڤی سووریه بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە شاری حەلەبی سووریە، زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای چڕتڕبوونەوەی ‌هێرشەکانی سووریە و ڕووسیه بۆ سەر شاری حەلەب، دەیان هەزار کەس ئاوارەی سنوورەکانی تورکیە بوونە و بە وتەی چاودێری مافی مرۆڤی سووریه زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەو شارەدا کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریه، جیا لە کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە هێرشەکانی سووریە و ڕووسیە، زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی کە لە نێوان ئەو کوژراوانەدا ٢٣ منداڵیش بەرچاو دەکەوێت.

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە زۆربەی کوژراوەکان لە هێزەکانی جبهە نصرت لقی ئەلقاعیدەی سووریەنە.

لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا یەکە دەوڵەتییەکانی سووریه، هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و میلیشاکانی لایەنگری ئەسەد بە یارمەتی ڕووسیه و ڕێژیمی ئێران دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەر دەکەن.

بنکەی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە لەندەن کار دەکات و لەسەر شەڕی سووریە ڕاپۆرت بڵاو دەکاتەوە.

لەو پێوندییەدا ڕۆژنامەی الشرق الاوسط ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاوی کردووەتەوە کە ٤٠ هەزار میلیشای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ شەڕی سووریە نێردراونەتە حەلەب.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریه لە هەوڵ دایە کە لە ریاض پێتەختی عەربستانی کۆ بێتەوە.

دژبەرانی ئەسەد ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیه هێرشەکانی خۆیان ڕابگرن و ئەو کات ئێمەش دانوستان دەکەین.

شەڕی سووریە چەند مانگی داهاتوو پێی دەنێتە ناو ٦ـەمین ساڵی خۆی لەو ماوەیەدا تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس کوژرا و ١١ میلیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوونە.