کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە پیلان گێڕان دژی چالاکانی سیاسی کورد

15:28 - 22 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ زاڵکردنی زیاتری کەشی ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا، ئەمجارەیان کەڵک لە دەوڵەتی ئیسلامی داعش وەردەگیرێت.

ماڵپەڕی رادیو فردا بڵاوی کردووەتەوە کە کارناسانی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە ڕەوتەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بەتەمای کۆکرندنەوەی هێز لە کوردستانی ئێرانن و ڕێگەچارەی بەرەنگاربوونەوەش بریتییە لە کارکردن لەسەر بیاڤە ئەمنییەتی و سیاسییەکان.

ئەم لێکدانەوە بە شێوەی ڕاپۆرتێکی دوورودرێژ ڕادەستی وەزارەتە پێوەندیدارەکان لەوانە وەزارەتی ئیتلاعات کراوە.

چالاکانی سیاسی سەربەخۆ لە کوردستان پێیان وایە ئەگەرچی داعش و گرووپە هاوشێوەکانی، کە بەشێکیان لەژێر چەتری پشتیوانییەکانی ڕێژیمی تاراندا کار دەکەن، لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ویستی لە مێژینەی گەلی کورد، بەتایبەت لە ناوچە سووننەنشینەکان دان، بەڵام ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی ناوخۆی تاران بە هەوڵێک بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری شارەکانی کوردستان دەزانن.

بە وتەی ئەم کەسانە ترسی سەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جێگە و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم لە کوردستان و بەهێزبوونی بیرۆکەی شوناسخوازی و مافویستی لە کوردستان وای کردووە کە پلانگەلی لەم چەشنە دابڕێژرێن تاکوو بەهۆیەوە بتوانن ئاسانتر چالاکانی نێوخۆ لەژێر ناوی شانەی تەشکیلاتی لایەنە تێرۆریستەکان دەستبەسەر بکەن.