کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوحانی: دام و دەزگا گەندەڵەکانی دەوڵەت ناهێڵن وڵات گەشە بکات

21:11 - 22 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکدا گوتی: کاتێک دەتانهەوێ بەرهەم بێنن، یەکێک لە دەزگا گەندەڵەگان کە نامهەوێ ناوی بێنم کە چۆن دەتوانێ شتومەکی قاچاغ هاوردە بکات، ئیزن نادات وڵات گەشە بکات و دەبێ پێش بەو گەندەڵکارییە بگرین.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان ١٣٩٤ی هەتاوی، حەسەن ڕووحانی لە کاتی کردنەوەی ١٣٨ پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە سەرتاسەری ئێران ئاماژەی بە گەندەڵی وکۆکردنەوەی سامان لە لایەن دەزگا دەستڕۆیشتووەکان کە پێش بە ئابووری ئێران دەگرن ،کرد و گوتی: ئامانجی دەوڵەت کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی، پێشگرتن لە گەندەڵی و سامان کۆکردنەوە و پێدانی ئابووری بە کەرتە تایبەتەکانە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ڕەخنەی لە دەزگاکانی چاودێری گرتوو گوتی، هەر چەند بمانهەوێ، دەزگای چاودێریمان لە ئێران هەیە کە دانیشتوون و تەنیا کاریان ڕەخنە گرتنە و ئیزن نادەن وڵات پێشکەوێت و یارمەتی پێشکەوتنی وڵاتیش نادەن.

پێشترێش لە ساڵی ڕابردوودا حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە سیاسی، نیزامیی وئابوورییەکان ڕەخنەی لە یەکێک لە ناوەندەکانی حکوومەتی گرتوو و ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئیتلاعات، چەک وچۆڵ، پارە، ڕۆژنامە، هەواڵدەرییەکان و لایەنەکانی دیکەی دەسەڵات لە ناوەندێکدا کۆببنەوە، ئەبووزەر و سەلمانی فارسیش بێت، گەندەڵ دەبێت.

محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەیی گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی، لێدوانەکانی ڕوحانی بە مەسەلەی لادان لە قەڵەم داوە.