کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندن بە زمانی زکماکی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە بۆنەی ڕۆژی زمانی زکماکی

20:47 - 2 رەشەمه 2715

مەجید حەقی

یەکێک لە داخوازە بنەڕەتییەکانی جۆڵانەوەی ڕزگاری خوازانەی نەتەوایەتیی کورد گەشەپێدانی ئاشتیی و تەندروستیی کۆمەڵایەتییە لە ڕێگای پەروەردەی کۆمەڵگایەکی فرەکولتووری و فرەچاندی. زیاتر لە نیوەی مناڵانی ئێران، مافی خوێندن بە زمانی زکماکیی خۆیان نیە. ئەمەش یەکێک لە هۆیە بنەڕەتییەکانی نەبوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگای ئێران و تەشەنەکردنی فەرهەنگی هەڵاواردن و ئاپارتایدی زمانی و نەتەوایەتی لە ئێرانی فرە نەتەوەدایە.

بۆیە پێویستە سیستمی پەروەردەیی ئێران سەرلەنوێ و لە پێناو پەرەسەندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆمەڵگا و نەتەوە پێکهێنەرەکانی ئێراندا دابڕێژرێتەوە. سیستمێک کە نەتەنیا پەروەردە بە زمانی زکماکی وەک مافی هەموو منداڵانی پێکهێنەرانی ئێران بزانێت، بەڵکوو پەروەردەی ئاشتی و چارەسەریی کێشەکان بکاتە بەردی بناغەی سیاسەتەکانی پەروەردەیی خۆی. قەدەغە بوونی خوێندنی زمانی زکماکی لە ئیران و ستاندنەوەی مافی خوێندن بە زمانی سروشتیی منداڵانەوە، توندوتیژییەکی سیستماتیک دژی منداڵانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بووە کە بۆتە هۆی ئەوەی منداڵی و هەست و توانای چەندین میلیۆن لە منداڵانی ئێران، لە مەترسی بکەوێت و تووشی کێشەی خۆکەم بینین و هەست بە مرۆڤی پلە دوو کردن بێت. ئاکامی ئەم سیاسەتەش ئەو کێشە و پرسانەیە کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێرانی بەدەستیەوە دەناڵێت.

بە درێژایی مێژووی ئێرانی مۆدێڕن، هەوڵێکی زۆر دراوە نەتەوەکان و زمانەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران لە زمان و کولتووری فارسی‏دا بتوێنەوە و بە خەیاڵی ئەوەی کە یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک پادشا و دواتر یەک مەزهەب و یەک ڕێبەر دەتوانێت ئاشتی و گەشەکردن بۆ وڵاتی ئێران بەرهەم بێنێت. ئاکامی ئەو سیاسەتە، سەرهەڵدانی کێشە سیاسییە ناوچەیی، نەتەوایەتییەکان و پێکهێنانی هەڵاواردن و جیاوازیی نێوان نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و دواکەوتوویی پەروەردەیی ئێران بووە. ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە تەنگەژەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان تێپەر بێت پێویستی بەوە هەیە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی و ئەم ئامانجەش بە بێ داڕشتنەوەی سیستمی پەروەردەیی ئێران لە سەر بنەمای ڕێزگرتن و بەفەرمی ناسینی زمانی زکماکیی نەتەوەکانی ئێران، وەک زمانی پەروەردەی سەرەتایی تا خوێندنی باڵا و چارەسەری کێشەکان وەک بنەمایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی فرەکولتوور و فرەزمان مومکین نیە.

ئێران وڵاتێکە کە بەهەزاران کێشە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی پەروەردەی سەردەمی کۆماری ئیسلامی و بەرلەوە حکوومەتی پەهلەوی، نوقمی کێشە و قەیرانەکانی جۆراوجۆرە. وێڕای گەشەکردنی تۆڕەکانی پێوەندی و ئاگاداربوونی خەڵک لە جیهانی گەورەتر لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران، پرسەکان دیارتر دەبن و کێشەکان بەرەو قووڵتربوون و ڕوونتر بوون دەڕۆن. ئیرانی خاوەن کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و پرسە نەتەوایەتییەکان، کاتێک دەتوانێت لەو قەیرانانە دەرباز بێت کە بنەمای پەروەردەی خۆی لە سەر ئاوەدانکردنەوەی ئاشتی و ڕێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤ دابنێت. بەفەرمی ناسینی زمانی زکماکی دەسپێکی ئاوەدان کردنەوەی کۆمەڵگایەکی وایە.

فەلسەفەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خۆیدا دژی پێکهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤە، چوونکە ئەو ڕێژێمە لەسەر بنەمای یەک مەزهەب و یەک زمان و یەک ڕێبەر، کە نوێنەری خوا لە سەر گۆی زەوی بێ، دامەزراوە. پرسی سەرەکیی لەو پێوەندییەدا ئەوەیە کە نە نیزامی سیاسی ئێران نزامێکی یەکگرتوو و تەواوە و نەش ئۆپۆزیسیۆنی بەربڵاوی ئێران خاوەنی هێز و بەرنامەیەکی ڕوون لەو پێوەندیەدایە. لەو ڕووەوە جۆڵانەوەی نەتەوایەتیی کورد خاوەنی بەرپرسایەتییەکی قورسترە لە پێناو گەشەپێدانی تێگەیشتن و پەروەردەی ئاشتیی و وێک‏گەیشتنی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەم مەبەستە جێی خۆیەتی حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان پلانێکی سەرانسەری پەرورردەیی کە ئامانجی ئەو بەرەو پێشبردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی مافی پەروەردە بە زمانی زکماکی لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە تا کۆتایی بۆ منداڵانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران بێت، بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوانە ڕێکخراوی یۆنێسکۆ بەرز بکەنەوە تا بتوانن ئێران هان بدەن بۆ بەفەرمی ناسینی ئەو مافە سروشتییە.

ڤیزیۆنی پەروەردەی وڵاتێکی فرەنەتەوە وەک ئێران، دەبێ لە سەر بنەمای پەروەردەی تواناکانی هەمەڕەهەندی کۆمەڵگایەک بێت کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا خۆیان بە شارۆمەندی خاوەن ماف و بەرپرس لە وڵاتدا بزانن و مافەکانی مرۆڤ و نەتەوایەتی ئەوان دابین کرابێت. جیا لەوە دامەزراندنی دیالۆگێکی زیندوو و ئامانجدار بە مەبەستی بەهێزکردنی پۆتانسیەلی شوێندانان و گواستنەوەی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە قووڵتربوونەوەی کێشەکان بەتایبەت لە ناوچە فرەنەتەوەکاندا، ئەرکێکی هەنووکەیی چالاکان و نوخبەکانی سیاسی نەتەوەکانی ئێرانە. لە ڕابردوودا بە ڕادەی پێویست لە پێناو حاشاکردن لە مافی زمانی زکماکی و مافی دیاری کردنی چارەنووسی مرۆڤ، دژبەریی یەکترمان کردووە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بنەماکانی ئاشتی بۆ کۆمەڵگای دواڕۆژ دابڕێژین و ئەمەش لە بەفەرمی ناسینی مافی خوێندن و پەروەردە بە زمانی زکماکی.

شەڕ لە مێشکی مرۆڤدا پەرورەردە دەکرێت و لە نێو کۆمەڵگادا شکڵی مادی و فیزیکی بەخۆیەوە دەگرێت. بۆیە دەبێ ئاشتیش لە مێشكی مرۆڤدا پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەی ئاشتی بە شێوەیەکی مادی و دەستگر لە کۆمەڵگا دامەزرێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە