کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووڕێیانی بایکۆت یان بەشداری‌کردن لە هەڵبژاردن

16:32 - 5 رەشەمه 2715

محەممەدساڵح قادری

وەک دەزانین ڕێژیم لە سەروبەندی ئەو قەیرانە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە هەیەتی دەیهەوێ بە بازار گەرمیی هەڵبژاردنی مەهەندیسی کراوی خۆی بۆ مەجلیس... ، وا بە جیهان پیشان بدات کە سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانە ی کە هەیەتی ، پشتگیری خەڵکی لە ناوخۆدا لەگەڵ دایە .

بە تایبەت هەوڵی خامنەیی و دارودەستەکەی لە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات ئەوەیە کە زۆرینەی مەجلیسی ئەو جارەش سەر بە ئەوان بن تاکۆ بۆ تێپەر بوونیان لە قەیرانە جیاجیاکان و هەروەها درێژەدان بە دەسەڵاتی بێ ئەملاوئەولای خۆیان درێژە بە تەمەنی نگریسی ئەو ڕێژیمە بدەن .

هەر بۆیە دەبینین کە ئیتلاعاتی ڕێژیم و سپای پاسداران و پاشکۆکانیان بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە هەر شار و ناوچە و لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا ، بە جۆرێک مەهەندیسی هەڵبژاردنیان کردووە ، تاکۆ بە دروستکردنی ژینگەیەکی پر لە ترس و تەفرەقە و تەماح وەبەرنان و بەڵێنی درۆ زۆرترین ڕێژەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بن. ڕێژیم بە کارهێنانی سیاسەتی تەزاد و تەفرەقە لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکاندا بە مەبەستی کێبەرکێ دروستکردن لە بەشداری هەڵبژاردن و چاندنی تۆی ڕق و دوژمنایەتی لە نێوانیاندا بۆ مەبەستە گلاوەکانی کەڵک وەردەگرێت .

لە لایەکی دیکەوە فیلتەری شووڕای نیگابان و قانوونی ئەساسی بە کار هێناوە و هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک گومانیان لە سەر هەبووە یان سەر بە باندی دەسەڵات نین و لە خەڵک نزیکترن ڕەدی سەلاحیەت کراون.

لە وەها بارودۆخێکدا کە بە نەبوونی ژینگەیەکی دێموکراتیک ، کە رکابەری حیزبە سیاسییەکان و بوونی میدیای ئازاد و دوور لە سانسۆری شووڕای نیگابان ، خەڵک ناتوانێ مافی بە ئازاد خۆ کاندیدکردن و دەنگدانی هەبێ، ئیتر ڕوونە کە ئەو هەڵبژاردنەی ئێران دوورە لە پێناسەی هەڵبژاردنێکی تەندروست و بە هیچ شێوەیەک تەعبیر لە ویست و ئیرادەی خەڵک ناکات .

هەر بۆیە لایەنگری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کەس یان لایەنێک لە بەشداری ئەو بە ناو هەڵبژاردنە موهەندسی کراوەی دام‌ودەزگاکانی سەرکۆتکەری ڕێژیم ، کاریگەری نەرێنی دەبێت لە سەر لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و ئاستی خواستی سیاسی خەڵک بە دژی ڕێژیم و هەروەها ڕێگە بۆ کەسانی هەلپەرەست خۆش دەکات کە بە قەول و بەڵێنی درۆ و چەواشەکارانە لە لای ڕێژیمەوە ، داخوازە سیاسی و ساختارییەکانی خەڵک بەرامبەر بە ڕێژیم بۆ ئاستێکی نزم دابەزێنن و خۆیان بکەنە شەریکە بەشی ڕەواییدان بە دەسەڵاتی نگریس و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمیێک کە لە ٣٧ ساڵ تەمەنی خۆیدا بە پەتی سێدارە و نەهامەتی و ڕۆژە ڕەشی ژیانی خەڵکی ئێران و کوردستانی بەرە و دۆزەخ کێشاوە .

بەم شێوەیە کاتێک کە دەبینین نە لە فەلسەفەی ویلاتەتی فەقیهـ و نە لە یاسای بنەڕەتی ئەو ڕێژیمە و نە لە ستراتیژی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیدا هیچ جێگایەک بۆ مافی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە نییە و دژی هەموو بنەمای دێموکراسی و مرۆڤایەتیەکانە ، هەر چەشنە دلخۆشکردنێک بەو ڕێژیمە ڕێک خۆ هەڵخەلەتاندنە و خزمەت بە لاوازکردنی خۆڕاگریی سیاسی خەڵکی کورستان لە بەرامبەر ڕێژیم دەکات .

کە وایە تێکڕای بەربژێرەکانی مەجلیسی ئێران بە هەر بنەمایەکی فیکرییەوە کە هەیان بێت بەرانبەر بە فتوای وەلی فەقیهەدا ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک ئەنجام بدەن، چونکە پێش هەڵبژاردن یەک لە مەرجەکان ئەوەیە کە کاندیدەکان پابەند بە ئەسلی ولایەتی فەقیهـ و یاسای بنەڕەتی بن .

لە هەڵومەرجیکی ئەوهادا سەیرە کە هێندێ بە ناو ڕووناکبیر یان لایەنی سیاسی بە هەر مەبەستێک و پیشینەیەکی فیکری بیت ، خۆشبینانە خەڵکی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن هان دەدەن .

هەر بۆیە پێویستە خەلکی وشیاری کوردستان ئە و ڕاستییە قبوول بکەن کە سیستەمی سیاسی لە ئێران کێشەی هەیە و ئەوانەی هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداری هەڵبژاردن، لە ئاستی خوارەوە یان پراکتیکی سیاسی چاو لە بابەتەکە دەکەن. بۆیە ئەزموونی کۆماری ئێسلامی پێمان دەلێ کە ئەم سیستمە ڕێگرە لە هاتنە کاییەی کیانێکی دێموکراتیک و لەم هەڵبژاردنە بە زەقی دیارە تا چەندە بازنەی سیستم داخراوە بەرانبەر بە خەڵک و بگرە خودی ئەکتەرەکانی ناو ئەو سیستمە. بۆیە دەتوانین بڵێن کە ڕەگی کێشەکە لە سیستەمەکەدایە و خۆ خەریک‌کردن بە بوارەکانیتر لادان دەبێ لە بابەتی سەرەکی و ئەوە دەتوانێ لە کۆتایدا بە قازانجی سەقامگیری سیاسی کۆمار ئیسلامی بشکێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە