کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاردی تایبەتیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی

14:47 - 23 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: گاردی ئەمنییەتیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی ئەو زیندانە و سووکایەتییان پێکردن.

بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، مەئمووران و گاردی ئەمنیەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج هێرشی کردووەتە سەر ساڵۆنی ١٢ی ئەو زیندانە، و بێ حورمەتییان بە زیندانیانی سیاسی کرد.

ئەو هێرشە نامرۆڤانەیەی گاردە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، پشکنین و توندوتیژی لەگەڵ بووە.

هەروەها گاردە ئەمنییەتییەکان دوای هێرش و سووکایەتی کردن بە زیندانیانی سیاسی چەند زیندانییەکیان بۆ بەندی ١٠ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانیانی سیاسی زیندانی رەجایی شاری کەرەج ڕاگواستووە.

زیندانیانی سیاسی ناڕەزایەتییان دژ بەو هێرشەی گاردە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەربڕیوە و دروشمی مرگ بر دیکتاتوریان گوتووەتەوە.

‌هێرش و سووکایەتی کردن بە زیندانیانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدرێت.

ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری ژێنێڤ، سەرلەنوێ دۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی دایە بەر ڕەخنە.

ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتێکی ٢٢ لاپەڕەیی‌دا کە زیاتر ڕووی لە دەزگای دادوەریی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەریدایە،گوتی: بە شێوەی بەردەوام ڕاپۆرتگەلێک لە زیندانیی تاکەکەسی درێژخایەن، ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملی و دەستڕانەگیشتن بە پارێزەر دەگاتە دەستم.

لەو پێوەندییەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام ڕەخنەی توندی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی گرتووە و داوایان لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کردووە کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بێنن.