کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۱۰ی خاکەلێوە (ڕۆژی شەهیدانی کوردستان) دەتوانێت سەلمێنەری بەشێک لە شووناسی کورد بێت

21:32 - 5 خاکەلێوه 2716

حەمە جاف

نەتەوەى کورد بە درێژایى مێژووى بەهۆی داگیرکاری و ماڵ‌وێرانی لەلایەن بەشخۆری و بەرچاوتەنگی فاشیزمەوە کەوتۆتە بەر پەلامار و بەهەموو شێوازێکی نامرۆڤانە هەر چەشنە مافێک کە دەبێ بۆ هەرنەتەوەیەک دەستەبەر بێ لێی زەوت کراوە و تەنیا بەش مەینەتی و ژێر چەپۆکەیی بە نسیبی بووە، لەسەر ئەو هەموو تراژیدیا و زوڵم و زۆر و داگیرکاریەی تووشی بووە بەردەوام لە کات و شوین و شێوازى جیادا خەباتى کردوە بۆ رزگار بوون لە ژێردەستەیى و سەلماندنى خۆی وەک نەتەوەیێک کە خاوەنى خاک، زمان، ئاڵا و کەڵتوورى تایبەت بە خۆیەتى، لەو پێناویشدا مەزنترین نرخی داوە بۆ دەستەبەر بوون و سەلماندنی خۆی وەکوو نەتەوەیەک کە خاوەن خاک، زمان، جوگرافیایەکی دیاری کراوە.

کۆمارى کوردستان یەکێک لە دەستکەوتە درەوشاوەکانى خەباتکارانى نەتەوەى کوردە لە مێژووى هاوچەرخ‌دا، کە سەلماندى کورد هەردەم لە پێناو مافەکانیدا خەبات دەکات، لە پێناویشى‌دا ئامادەیە قوربانى گەورە بدات و دەشتوانێ بە تێکۆشان و فیداکاری، قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەو مافەی کە پێویستی هەر نەتەوەیەکە دەستەبەری بکات.

تاریک پەرەستانی کۆنەپەرەست پاش رووخانى کۆمارى کوردستان بە خەیاڵى خاویان بۆ چاوترساندنى رۆڵەکانى نەتەوەى کورد پێشەواى کۆمارە تاقانەکەى کوردستان و هاورێ گەل ویست و بە ئەمەگەکانى بیر و هزرى کۆماریان لە رێکەوتى ٢٦/١٢/١٣٢٥شەهیدان ١- عەلى بەگى شێرزاد ٢- ئەحمەد خانى فارووقى ٣- عەبدوڵڵا خانى مەتین ٤- محەمەد خانى دانیشوەر ٥- محەمەد خانى فیزوڵڵا بەگى ٦- حەسەن خانى فیزوڵڵابەگى ٧-ئەحمەد خانى شەجیعى ٨-عەلى خانى فاتیح ٩- عەلى خانى جەوانمەردى ١٠-شیخ سدیقى ئەسعەدى ١١- شیخ محەمەد ئەمین ئەسعەدى ١٢- رەسوڵ ئاغاى جەوانمەرد لە شارى سەقز و هەروەها لە ریکەوتى ١٠/١/١٣٢٦ شەهیدان١- پێشەوا قازى محەمەد ٢- محەممەد حۆسین خانى سەیفى قازى ٣- سەدرى قازى لە چوارچراى شارى مهاباد شەهید کرد.

حیزبى دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژساڵە بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانى کوردستان رۆژى ١٠ خاکەلێوە (رۆژى شەهیدکرانی پێشەواى کۆمارى کوردستان)وەک رۆژى شەهیدان دیارى کردوە.

کورد وەک هەر نەتەوەیێکى دیکە کە بیهەوێت کیانى سەربەخۆى خۆیی هەبێت، پێویستى بە دیارى کردنى هێما و ڕۆژى میژووى هاوبەشى خۆیی وەک: ئاڵا، رۆژى سەربەخۆیى، رۆژى پێشمەرگە، رۆژى شەهیدان و ... هتدە.

بە داخەوە تا ئێستاش بە هۆى پارچە پارچە بوونى کوردستان ،شۆرشەکانى کورد و بەرژەوەندى حیزبى نەتوانراوە لە سەر رۆژگەلێک ساخ ببێتەوە، رۆژى ١٠ خاکەلێوە رۆژى لە سێدارەدانى پێشەوا باشترین رێکەوتە بۆ دیارى کردنى رۆژى شەهیدان لە هەرچوارپارچەى کوردستان، لەبەر ئەوەی ١-پێشەوا یەکەم سەرۆک‌کۆمارى یەکەم کۆمارى دێموکراتیکى کوردستانە ٢- بۆ پەرەگرتن و بەردەوامى کۆمار، کورد لە پارچەکانى دیکەى کوردستان تێدا بەشدار بوون و بەشداری دەستەڵاتی سیاسی کۆمار بوون ٣- لە سەردەمى کۆمار و پێشەوا دا شەرى براکوژى کورد نەکراوە ٤- پێشەوا ئیدئۆڵۆژیکى سیاسى – مەزهەبى تایبەتى نەبووە کە ببێتە هۆى پەراوێز خستنى چین و تویژ یا ئایینیکى دیکەى کوردستان.

سەرەڕاى هەوڵەکانى حیزبى دێموکراتی کوردستانی ئێران بە داخەوە تائێستاش بەشێک لە هیزەکانى کوردستان رۆژى١٠ى خاکەلێوەیان نەک هەر وەک رۆژى شەهیدانى کوردستان قەبووڵ نەکردوە بەڵکوو پێیان وایە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی تایبەت نیە بۆ ڕۆژی شەهیدان و بۆ خۆشیان ڕۆژێک دیاری ناکەن لەسەری ساغ ببنەوە وەکوو ڕۆژی شەهیدان، بۆیە پێویستە ئێمەی کورد بۆ سەلماندن و پەرە گرتنی بیری نەتەوایەتی و ڕێگەنەدان بە ئاسمیلەبوونی زیاترمان ئەرکە لەسەر شانمان چیدی دەستهەڵگری دوبەرەکی، بەتایبەت ئەو دەمارگرژیە ببین کە بووە بەهۆیی یەکتر قەبووڵ نەکردن و دواکەوتووی ئەو هێمایانەی کە دەتوانن شووناسی ئێمە زیاتر بە دوونیا بناسێنین هیوا دارم هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەت پارلەمانی باشووری کوردستان پێداگری لەسەر ئەم ڕۆژە پرشنگدارە بکەن کە هەوێن و ئیلهامبەخشی ناسیۆناڵیزمی کوردیە لە رۆژى ١٠ى خاکەلێوەدا سەرى رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆهەموو شەهیدانى کوردستان، بە تایبەت شەهیدانى کۆمار و پێشەواى کۆمارە تاقانەکەى کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە