کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی جیهانیی ماف و ئازادییەکان لەدژی ئێران سکاڵایەکی تۆمار کرد

17:22 - 8 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی جیهانیی ماف و ئازادییەکان، سەبارەت بە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، چوونەسەری ڕێژەی ئێعدامەکان و سازکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی گیانیی نەتەوەکانی ئێران و دەستێوەردانەکانی تاران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، سکاڵایەکی لەدژی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ماڵپەڕی العربیە نێت لە زاری فوئاز ئەلعەنزی سکرتێری گشتیی ئەم ئەنجومەنەوە بڵاوی کردەوە؛ پاش وەرگرتنی زانیاریی ورد لەسەر پیشێل کردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی و هەروەها هەڕەشەی سیستماتیکی ڕێژیمی تاران بۆ سەر کەمینە مەزهەبی و ئێتنیکییەکان و بڕیاری حکوومەتی تاران لەمەڕ ئێعدامی بەشێک لە چالاکانی نەتەوەیی، سکاڵایەکمان لەدژی ئێران تۆمار کردووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: سکاڵای ئاماژە بۆکراو، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێننامە و میساقە نێونەتەوەییانە داڕێژراوە کە وڵاتانی جیهان و یەک لەوان ئێران، پابەند دەکات بە ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئێرانیش سەرەڕای ئەوەیکە یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو بەڵێننامانەیە، بەڵام بەردەوام پێشێلی کردوون.

سکرتێری ئەنجومەنی جیهانیی ماف و ئازادییەکان لەمبارەوە دەڵێ: ئەنجومەنی ئێمە، کە پێکهاتووە لە دەیان دامەزراوەی حقوقیی جیهانی، لەمەڕ ئێعدامی زیاتر لە ٢٣٠٠ هاووڵاتی لە ئێران لە دەورانی سەرکۆماریی ڕوحانی‏دا نیگەرانە.

پێشتریش ئەنجومەنی ئاماژەبۆکراو لە پەراوێزی ٣١ـه‏مین خولی دانیشتنی مافەکانی مرۆڤ لە ژێنێڤ باسی لە ئێعدامە هەڕەمەکییەکان لە ئێران و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ڕواڵەتی لە ئێران کردبوو کە تێیدا هەوڵ بۆ ڕەوایی وەرگرتنی حکوومەت دەدرێت.

لەم سکاڵایەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە ئێران لەم ڕێکخراوە جیهانییە دەربکرێت؛ ئەمەش بەهۆی بوونی مادەی ١٥١ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە، کە تێیدا دەستی هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکانی ئێرانی لەمەڕ دەستێوەردان و جێبەجێ کردنی دۆکتۆرینی صدور انقلاب ئاوەڵا کردووە.