کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرد

16:25 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: بە بۆنەی١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی لە دەڤەری واشینگتۆن کرد.

لەو سەردانەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتدا، لەوحی ڕێزلێنان کە لە لایەن کۆمیسۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا و بەم جۆرە ڕێز و ئەمەگناسیی خۆیان بەرانبەر بە شەهیدان و بنەماڵەکانیان ڕاگەیاند و جارێکی‌تر پەیمانیان لەگەڵ نوێ کردنەوە کە تا سەر وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و کورد و کوردستان بن.