کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار کەس لە دۆستان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە باکووری کوردستان لە ڕووداوێک‌دا گیانیان لەدەست دا

17:12 - 19 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: بەهۆی ڕووخانی خانووبەرەیەک چوار كەس لە دۆستان‌ و ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گیانیان لەدەست دا و چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی هێرمی سەر بە شاری گەوەری پارێزگای هەكاری لە باكووری كوردستان، بە هۆی ڕووخانی خانوویەک، چوار كەس لە دۆستان ‌و ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.

لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا ئەمیرخان یەکێک لە دۆستانی نزیکی حیزبی دێموکرات و سەر بە بنەماڵەیەکی شوڕشگێڕ، سەعید مەحموودنژاد کوڕی مستەفا ئەندامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی گوندی گێچێسەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ‌ بوو کە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی كورد لە ڕۆژهەڵات، تێكەڵ بە ڕیزی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموکرات بوو.

14401.jpg
سەعید مەحموودنژاد
ناوبراو كوڕێكی دڵسۆز‌ و دێموكرات بوو و پلەكانی نیزامی و پێشمەرگایەتی یەک بە یەک تێپەڕاند و لە هەموو ئەركەكانی سەرپەلی ‌و سەردەستەیی‌ و سەرلكیدا سەركەوتوو بوو.

كاک سعید لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لە گوندی هێرمی‌ لەگەڵ كچێكی بنەماڵەی ئەمیرخان ژیانی هاوبەشی پێك هێنا‌ و هەر لەوێش گیرسایەوە و تا کاتی کۆچی دوایی، یار‌ و یاوەری پێشمەرگە‌ و حیزب بوو و بەو ڕێبازە دڵسۆز مایەوە.

بنەماڵەی كاک سعید تا ئێستا ١٣ شەهیدیان لە حیزبی دێموکراتدا هەیە.
سیدار مەحمودنژاد، كوڕی سەعید، تەمەن ١٣ساڵ و ئەسعەد باوی لە بنەماڵەی ئەمیرخان، لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە.

گوندی هێرمی شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەی دێموكرات لە کات و ساتە دژوارەکاندا بووە.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەس‌ و كاری کۆچکردووان دەکات.