کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە سویس ڕوانگە و بۆ چوونەکانی حیزبی دێموکراتی لە سەر کۆچبەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران خستە بەرباس

16:50 - 23 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری کۆچبەری پارتی سۆسیالیستی سویس بەشداریی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی کاروباری کۆچەبەریی پارتی سۆسیالیستی سویس، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ نوێنەرانی سەرجەم حیزب و لایەنە بیانییەکانی دانیشتووی وڵاتی سویس و هەروەها چەند پارلمانتاری سەر بەو پارتە ، لە بنکەی سەرەکی پارتی سوسیالیستی سویس لە شاری بێڕن پێکهێنا.

مەبەست لە پێکهێنانی ئەو کۆبوونەوەیە، هاندانی خەڵکی سویس و بە تایبەت ئەو بیانیانەی کە خاوەن ڕەگەزنامەی سویسین بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە سەر گەڵاڵەی پشتیوانی کردنی یاسایی و دانی دەرفەتی پتر بەو پەنابەرانەی کە تازە هاتوونەتە سویس و بۆ دیفاع کردن لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی پەنابەرییان، گەڵاڵەیەک، کە پارتی ڕاست ئاژۆ دژ بە پەنابەریی سویس، واتا پارتی گەلی سویس، کە بە توندی دژایەتی پرۆسەی تێپەڕاندنی یاسایی پەنابەرانە بوو.

پارتی گەلی سویس دەیهەوێ یاسایەک پەسند بکرێت کە پاش ڕەدبوونی داخوزی پەنابەران تەنیا یەک حەوتوو موڵەت بە پەنابەران بدرێت ئیستیناف لەسەر پەروەندەی ڕەدکراوی پەنابەرییان بدەن و هەروەها، دەوڵەت مافی پارێزەری خۆبەخش بۆ داکۆکی لە پەنابەران وەربگرێتەوە.

لە ڕوانگەی زۆربەی هەرەزۆری حیزب و لایەنە سویسییەکان، ئەم جۆرە تێڕوانینە دژی سەروەریی یاسای وڵاتە.

لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکدا، چەندین گەڵاڵەی پێشنیاری خرانە بەر باس، کە لە کۆتاییدا، وەک بەرنامەی کاری هەموو لایەنەکان، بە مەبەستی پاڵپشتیی و پشتیوانیی یاسایی پەسندکرا.

لە سەرەتای مانگی ٦ی ئەمساڵ ئەو گەڵاڵەیە دەخرێتە دەنگدانەوە و خەڵکی سویس دەنگی لەسەر دەدەن.

ئاکۆ ئەلیاسی لەو کۆبوونەوەیەدا، بەشداری کرد و لە ماوەی بەڕێوەچوونی کاری کۆبوونەوەکەدا، ڕوانگە و بۆ چوونەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لە سەر کۆچبەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران خستە بەرباس و هەوەها چاوی بە چەند پارلمانتاری سویسی و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی سویس کەوت.