کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ زیندانیی دیکە لە ئێران ئیعدام کران

17:19 - 26 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی ڕەوتی لەسیدارەدانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٧ کەسی دیکە لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ئیعدام کران.

بەپێی ڕاپورتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٧ زیندانیی مەحکووم بە قیساس لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، ئێعدام کران.

جگە لەو کۆمەڵە کەسەی کە ئێعدام کراون، لە چارەنووسی زنیدانییەکی دیکە بە ناوی حەمزە دەوڵەت‌ئابادی هیچ زانیارییەک لە بەردەست‌دا نیە.

ناوی ئەو زیندانیانە عەیاد محەممەدی، محەممەد زارعی، مێهدی حەق‌شناس، جەواد سادقی، مستەفا ئیجلالی، محەممەدجەواد موزەفەری و حوسێن مۆعین‌فەر (مۆعینی) ڕاگەیەندراوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان، مێهدی کاهه، یەکێک لەو زیندانیانە کە ڕۆژی دووشەممە بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمی ئێعدامەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوازرابوو، بنەماڵەی سکاڵاکەر لێی خۆش بوون و بەو پێیە،حوکمەی بەخشراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، پێنج وڵاتی چین، ئێران، پاکستان، عەرەبستانی سعوودی و ئامریکا زیاترین ڕێژەی ئێعدامەکانیان لە ساڵی ٢٠١٥دا هەبووە.

لە نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ئەوساڵی ئێرانی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٥دا، حکوومەتی ئێران ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە.

سکرتێری ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییە، ڕەوتی دادگایی ئەو کەسانەی بە زۆر نادادپەروەرانە لەقەڵەم دا و بە کوشتوبڕی ناو برد.