کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی سیاسی بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی شەهیدان لە بلژیک بەڕێوە چوو

16:40 - 31 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: سمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و هەروەها دوایین ئاڵوگۆرە سیاسییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە بلژیک بەڕێوە چوو.

بەمەبەستی ڕرێزگرتن لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و هەروەها هەڵسەنگاندنی دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و شیکردنەوەی دوایین بڕیار و ڕاسپاردەکانی حیزبی دێموکرات، رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، سمینارێکی تایبەتی بۆ عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی کاری سمیناردا، عەلی ئەشرەف مورادی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات سەرەتا تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی دیاریکردنی ڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی یەکەمین کۆماری کوردستان و ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و چەندین لایەنی گرینگی ئەم بڕیارە مێژووییەی حیزبی بۆ ئەمەگناسی هەمبەر بە کەسایەتیی بەرزی دێموکرات و نەتەوەیی پێشەوا قازی محەممەد خستە روو.

لە تەوەری دووهەمی باسەکەی دا، مورادی ئاماژەی وردی بە دوایین روودوا و پیشهاتە سیاسییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە گشتی و بەتایبەتیش کوردستانی رۆژهەڵات کرد. مورادی بڕیارەکانی دوایین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی بۆ ئەندامانی حیزب شیکردەوە و هەروەها باسی لە دەستپێکردنی خەباتی نوێ حیزب بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات و بەرنامەی حیزبی بۆ چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ ناو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

لە بەشی دووهەمی کاری سمیناردا، لەوحی تایبەتی ڕێزڵێنان لە بنەماڵەی شەهیدان کە ئەمساڵ لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبەوە بۆ سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە ئامادە کرابوو، لە لایەن عەلی ئەشرەف مورادییەوە پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا.

لە درێژەی کاری سیمناردا، تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، دەسته گولێکی ڕێزڵێنانی پێشکەش بە دوو هاورێی ژنی ئەندامی حیزب کرد لە بلژیک کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر چالاکانە ئەرکی حیزبی و نەتەوەیی خۆیان بەجێ گەیاندووە.

لە بەشی کۆتایی کاری سمیناردا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک ڕێزی لە چەند ئەندامی چالاک و هەڵسوری حیزب کرد لە بلژیک کە لە ماوەی ڕابردوودا، زۆر بە باشی ئەرکەکانیان بەجێ گەیاندووە و هاوکارێکی باش بوون بۆ ڕاپەڕواندنی کارەکانی کۆمیتەی حیزب.