کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: هێزی خەباتکاری شاخ لە پشتی خەباتی مافخوازانەتان دەبێ

01:06 - 1 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتیوانیی خۆی بۆ مانگرتن و خۆپیشاندانی بازاڕیانی کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند کە؛ هێزی خەباتکاری شاخ لە پشتی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دەبێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراو سەبارەت بە مانگرتن و خۆپیشاندانی بازاڕیانی کوردستان

هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی مافخوازی کوردستان،
کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییە جیهانی و ناوچەییەکان،


هەروەک ئاگادارن، خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات، بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم و داخستنی سنوورەکان و توندتر کردنی میلیتاریزەکردنی کاسبی لە کوردستاندا، دەستیان داوەتە کار و جووڵەی مەدەنی و شارستانیانە و لەهەمبەر بێ‏بەشکردنیان لە ژیانی ئاسایی لە لایەن ڕێژیمی تارانەوە، بە مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانە، دەنگی مافخوازیی خۆیانان بەرز کردۆتەوە. هاونیشتمانیانی چەند شاری کوردستان بە شێوەیەکی خۆڕسک و هەڵقوڵاوی نێو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی چەوساوەی کورد، بەڵام بە باوەڕ و بڕوایەکی نەتەوەیی و مافخوازانەوە، لە نواندن و کردارێکی مەدەنی و ناڕەزایی دەربڕینانەدا بازاریان داخستوە و شەقامیان وەجووڵە خستووە و داوایەکی ڕەوا و سەرەتاییان هێناوەتە بەر باس کە ئەویش داوای مافی سەرەکی و سەرەتاییانە بۆ وەدەست خستنی بژیوی ڕۆژانەیان.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕاگرتنی خەڵکی کوردستان لە هەژاری و چەوساوەیی‏دا، ساڵانێکی دوور و درێژە دەیەوێ نەتەوەی کورد بە لارەملی و چاولەدەستی، چاوڕوانی پاروە نانێک بێ تاکوو حاکمیەتی سەرەڕۆ خێریان پێ بکات، بەڵام خەڵکی کورد بەچۆکدا نەهاتووە و نانی ڕەنجی شان و باهۆی خۆی دەخوا، ئێستا دەسەڵاتدارانی تاران دەیانەوێ ئەو دەرەتانەشی لێ ببەستن و لە برسیەتی و هەژاریدا کوردستان بەچۆکدا بێنن.

بەرانبەر بە سیاسەتی داخستنی دەرگای کاسبی و نان‏دەرهێنانی خەڵکی کورستان، یەکەم جار لە شاری بانەوە مانگرتن و داخستنی دووکان و بازار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستی پێ‏کرد و ئێستا چەند شاری دیکەی کوردستان وەک سەردەشت و پیرانشار و بەتایبەت مەریوانی گرتۆتەوە و خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک لەسەر شەقامەکانیشی پێوە زیاد بووە.

خەڵکی وشیاری کوردستان،

دەنگی مافخوازی و خەباتی ئەمڕۆیی و شارستانیانەتان، هەم بە گوێی خەباتکارانی کورد دەگا و گەیشتووە و هەم بە بەردەوامیدانتان بە شێوازی مەدەنی و هێمنانە و پەرەدان بەو شێوە خەباتە دەتوانن پاشەکشە بە ڕێژیم بکەن و سەنگەر بە سەنگەر دەسەڵاتی ستەمکار تووشی شکست بکەن. هێزی خەباتکاری شاخ لە پشتی خەباتی مافخوازانەتان دەبێ و هەرکام بە شێواز و تاکتیکی جیاوازی خۆی دەتوانێ ماشینی سەرکوتی ڕێژیم پاشەکشێ پێ‏بکەن. گرنگ بەردەوامی و پشتیوانی یەکتر بوونە کە خەباتی شاخ و شار لێک گرێ بداتەوە.

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان،

هەروەک لە هەموو هەواڵ و ڕاگەیەنەکاندا بڵاو بۆتەوە، خەڵکی شارەکانی کوردستان لە پێناوی وەدەست خستنی بژیوی ژیاندا دەستیان داوەتە ناڕەزایی مەدەنی و هێمنانە و هیچ بیانوویەکی لاوەکی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەردەستدا نیە تاکوو بە تۆمەت و دەنگۆی ناڕەوا خەڵکی مافخوازی کورد سەرکوت بکات. ئەوەی لە ئەزموونی سەرکوتکەریی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران بینراوە، لەم جۆرە کردارانەی خەڵکدا سەرەتا بە هەندێ وادە و بەڵێنیی درۆینە و ناڕاست هەوڵی هێورکردنەوە و بێدەنگ‏کردنی خەڵک دەدا و دواتر دەست دەداتە گرتن و ئەشکەنجە و حوکمی ناڕەوا سەپاندن بە سەر ئەو خەڵکە مافخوازەدا، بۆیە داواکارین کە پشتیوانی خەڵک بن و بەتایبەت لەم کاتەدا کە ڕێژیم لە دیالۆگێکی سەرشۆڕانەدا تەسلیمی داخوازەکانی ڕۆژئاو بووە، دەبێ وەک ئەرکی مرۆیی پشتیوانی خەڵکی کورد بن تاکوو ڕێژیم دەست نەداتە سەرکوت و ستەمی زیاتر و ملکەچی داوا ڕەواکانیان بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دووپات‏کردنەوەی پشتیوانی لە داواکاریی ڕەوای خەڵکی شارەکانی کوردستان، داوا لەو هاونیشتمانیانە دەکات کە لە ڕێگای گەیشتن بە مافەکانیاندا پێداگر و یەکگرتوو بن و دڵنیایان دەکاتەوە کە وەکوو هێزی خەباتکار یاوەر و پشتیوانیان دەبێت و دەنگی شاخ و شار هەر وەک هەمیشە دەبێ بە یەک بگەن، چوونکە سەرکەوتن بە سەر دوژمندا لە هاوئاهەنگی و هاوتەریب بوونی خەباتی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنیی نێو کۆمەڵگادایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٩ی ئاوریلی ٢٠١٦ی زایینی