کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی سیاسی بۆ مەسعوود تەک لە شاری هامبورگ بەڕێوەچوو

16:42 - 6 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆڕێکی سیاسی لە سەر دۆخی خەباتی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، بۆ مەسعوود تەک لە شاری هامبورگی ئالمان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری هامبورگی ئاڵمان کۆڕێکی سیاسی بۆ مەسعوود تەک سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و نوێنەرانی پارت و حیزبەکانی کوردستان و ئەندامانی کۆمکار و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

کۆڕەکەی مەسعوود تەک لەسێ تەوەڕی: گەڕانەوەی پ.س.ك و درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی لە نێوخۆی تورکیە و دانووستانیان لەگەڵ هاکپار وەکوو لقێکی پ.س.ك لە نێوخۆ و کێشەی نێوانیان، شکستهێنانی سایکس پیکۆ و هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و ڕۆڵی نەرێنیی پەکەکە لە پارچەکانی‌ دیکەی کوردستان و دەست تێوەردان و نادروست لەقەڵەم دان و ئەزموون وەرنەگرتن لە ڕابردوو و هەروەها لەبارچوونی پرسی چارەسەری کورد لە باکووری کوردستان.

پاش کۆتایی هاتنی وتەکانی مەسعوود تەک، بەشداربووان بە پرسیارکردن و خستنەڕووی تێبینی و پێشنیار، زیاتر کۆڕەکەیان دەوڵەمەند کرد.

لەو سەردانەی مەسعوود تەک بۆ هامبورگ‏دا، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گەرمی پێشوازییان لێ‏کرد.