کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێكی پێوەندییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریە سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێری کرد

16:45 - 6 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێكی پێوەندییە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریە سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد.

ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێكی پێوەندییە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریە بە سەرپەرەستی دوكتور مەحموود عەرەبو، سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری هەولێریان كرد و لە لایەن هەیئەتێكی پێوەندییەكانی حیزب بە سەرپەرەستیی محەممەد ساڵح قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لە هەولێر، پێشوازییان لێ‏كرا.

لەو دیدارەدا، محەممەد ساڵح قادری وێڕای بە خێر هێنانی هەیئەتی ئەم پارتە، باسێكی سیاسی لە سەر بارودۆخی هەستیاری ناوچە و كاریگەریی فاكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان لە سەر ڕەوشی كورد پێشكەش كرد و لە سەر هەماهەنگی و یەكڕێزیی لایەنە سیاسییەكانی هەر كام لە بەشەكانی كوردستان، لە پێناو دەستەبەر كردنی مافەكانی كورد پێداگری کرد.

دواتر دوكتور مەحموود بۆچوون ‌و ڕوانگەکانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لەسەر پرسە نەتەوەییەكان بەرز نرخاند ‌و پاشان چەندین مەسەلەی پێوەندیدار بە ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستانی هێنایە بەرباس.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا، دوو لایەن لە سەر بەردەوامیی پێوەندییەكانی نێوانیان و هاوكاریی هەمە لایەنە پێداگرییان کردەوە.

14551.JPG