کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پارتی کرێکارانی کوردستان سەردانی بنکەکانی هێزی تایبەتی حیزبی دێموکراتی کرد

16:52 - 6 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتی دەفتەری سیاسیی حیزب پێشوازیی لە هەیئەتێکی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد کە بۆ دانیشتن و درێژەدان بە هاوئاهەنگی و پێوەندییەکان سەردانی هێزەکانی حیزبی دێموکراتیان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هەڤاڵ سۆفی نوورەدین ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی کرێکاران و لە بەرپرسانی نیزامیی ئەو حیزبە، سەردانی هێزی تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات کرد و لە لایەن هەیئەتێکی نوێنەری دەفتەری سیاسی بە سەرپەرستیی ڕۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیونی سیاسی نیزامیی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا وێڕای ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و هەڵسەنگاندنی وەزعەیەتی سیاسیی ناوچە و بارودۆخی کورد بە گشتی، جەخت لە سەر دۆستایەتی و پێوەندییە دۆستانەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان کرایەوە و پێداگری لە سەر ئەوە کرا کە لە هەلومەرج و دۆخی هەنووکەیی کورد بەگشتی و لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، پێویستیی هاوئاهەنگی و لێک نزیکبوونەوەی هێزە نیشتمانیەکانی کوردستان زیاتر بۆتەوە.

هەروەها باس و پێداگری لە سەر هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێزەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات و پارتی کرێکاران کرایەوە.

لە کۆتایی ئەو دیدار و چاوپێکەوتنەکدا، هەیئەتی میوان بە ڕێزەوە لە لایەن هەیئەتی حیزبی دێموکراتەوە بەڕی کران.

14553.JPG

14554.JPG