کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری کرماشان کۆچی دوایی کرد

22:34 - 6 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: عەبدوڵڵا نادری‌سەبزە کەسایەتی خۆشناو و نیشتمانپەروەری کورد لە ناوچەی داڵاهۆی سەر بەپارێزگای کرماشان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک عەبدوڵڵا نادری‌سەبزە کەسایەتی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ناوچەی داڵاهۆی کرماشان، کوڕی کەیخودا سەیفوڵڵا سەبزە و خاتوون گوڵناز عەزیز مورادبەیگ‌ عەلیموردای لە ناوچەی دوشمیانی قەڵخانی بۆ هەمیشە چاوی لە ڕووی جیهان بەست.

کاک عەبدوڵڵا کە نەوەی عەلی قەڵخانی، دامەزرێنەری تایفەی قەڵخانی بوو، تا کۆتایی ژیانی پارێزەری گیانی خەڵک و کیانی داڵاهۆ بوو.

دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دانیشتوانی کوردی یارسانی نیشتەجێی داڵاهۆ کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری ڕێژیمی ئێران.

کاک عەبدوڵڵا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٣ ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک عەبدوڵڵا و هەموو دانیشتوانی ناوچەی داڵاهۆ دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.