کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەندامانی سپای تێرۆریستیی خۆی لە سووریه دەشارێتەوە

16:20 - 7 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی نیزامیی سپای تێرۆرسیتی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەواڵی ئەندامانی کوژراوی خۆی لە سووریەدا دوای ماوەیەک بڵاو دەکاتەوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە دوو ئەندامی ئەو ڕێکخراوە کە لە سووریەدا کوژرابوون تەرمەکانیان بینراوەتەوە.

ئەو دوو ئەندامەی سپای تێرۆریستی سپای پاسداران ئەلیان چگینی و زەکەریا شیری لە ئەندامانی تیپی سپای صاحب الامری قەزوین بوون کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای حەلەبی سووریەدا کوژرابوون و هەواڵی کوژرانەکەیان ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە کە سێ کەسی ئەفغانیی سەر بە سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە، بە ناوەکانی ئەسەدوڵڵا حوسێنی، کازم تەوەسۆلی و مۆرتەزا ڕەجبی کوژراون.

چەند ڕۆژ پێشتر ناوی ئەو ١١ ئەفسەرەی لە دەوروبەری شاری حەلەب کوژرابوون لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو کرانەوە.

لەو پێوەندییەدا، ڕێژیمی ئێران دوای ڕەوانەکردنی هێزی سپای پاسداران بۆ سووریه، هێزی ئەرتەشی بۆ ئەو وڵاتە ڕەوانە کرد و تا ئێستا چەندین ئەندامی ئەو ڕێکخراوە نیزامییەش لە سووریە کوژراون.

چەند ڕۆژ پێش ئێستا سەرلەشکر عەتائوڵڵا ساڵحی فەرماندەی گشتیی ‌‌ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەرتەش بۆ یارمەتیی موستەشاری لە سووریەدا هیچ بەرپرسیار نیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، بەشداریی ئەو هێزە نیزامییەیان لە سووریە وەک ڕاوێژکار ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەمیرعەلی ئاراستە جێگری هاوئاهەنگکەری هێزی زەمینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاند، تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی موستەشار بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی درواسێ، بەردەوام ناڕەزایەتی و هۆشداریی توندی ئەو وڵاتانەی بەدواوە بووە.