کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ١٠ ساڵ هێشتا نەخۆشخانەی ١٦٠ تەختیی سەقز بە نیوەچڵی ماوەتەوە

16:26 - 7 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە هێشتا نەخۆشخانەی نوێی سەقز پاش ١٠ ساڵ بە نیوەچڵی ماوەتەوە، ڕۆژنامەی افکار هەواڵی کردنەوەی نەخۆشخانەی ١٢٠ تەختیی زەینولعابدینی کەربەلای بڵاو کردەوە.

حەسەن پلارک، سەرۆکی ستادی نۆژەن کردنەوەی عتبات عالیات لە کاتێکدا هەواڵی تەواوبوون و کردنەوەی ئەم نەخۆشخانە لە عێراق بڵاو دەکاتەوە کە جێگری وەزیری ڕێگە و شارسازیی کۆماری ئیسلامی، بە هەواڵدەریی فارسی گووتووە کە هەنووکە سازکردنی زیاتر لە ١٠٠ نەخۆشخانە لە ئێراندا بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

یەکێک لەو ١٠٠نەخۆشخانەی کە ناوبراو باسی لێوە دەکات، لە شاری سەقز هەڵکەوتووە کە لە ساڵی ٨٦ەوە کاری لەسەر دەکرێت و هێشتا پاش ١٠ ساڵ پێویستی بە ٩٥میلیارد ڕیاڵ بودجەی نوێ هەیە، تاکوو بگاتە قۆناغی کارپێ‏کردن.

بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی ئیدارەی فەرمانداریی سەقز، تا ئێستا ٩٢٢٨٠ میلیۆن ڕیاڵ پارە بۆ ئەم نەخۆشخانە سەرف کراوە، بەڵام ماوەی زۆری ١٠ ساڵ و ئەو بڕە پارە خەیاڵییەی کە باسی لێوە دەکرێت، چالاکانی ئەم شارەی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی بەرپرسانی پێوەندیدار وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان سەرقاڵی دزین و بەتاڵان بردنی بودجەی ئەم پڕۆژەن.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣ دەیەی ڕابردوودا بە سەدان میلیارد دۆلار پارەی لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان و بەشێک لە وڵاتانی ئافریقایی سەرف کردووە، کە ئەمە وەک کارناسانی کاروباری ئێران دەڵێن، لە خانەی دۆکتۆرینی صدور انقلابدا خۆی دەبینێتەوە.